دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

تڕامپەكەی هۆڵەندا چۆن دەڕوانێتە توركیا و باكووری كوردستان؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

وەكوو ئەوەی پێشبینی بۆ دەكرێت، خیرت ڤیڵدەرز، سەرۆكی پارتی ئازادی لە هۆڵەندا، دەبێتە سەرۆك وەزیران، كە سیاسییەكی توندڕەوە بەرامبەر بە كۆچبەر و ئیسلام، بەشێك لە سیاسییەكان بە تڕامپی هۆڵەندا ناوی دەبەن. خیرت، چۆن دەڕوانێتە توركیا؟ ئایە لە سەردەمی ئەودا پەیوەندی توركیا و هۆڵەندا هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا دێت؟

خیرت، سیاسییەكە شارەزای تەواوی لەسەر توركیا و سیستەمەكەی هەیە، بۆیە یەكێك بووە لەو كەسانەی زۆر توند بووە بەرامبەر بە توركیا و گوتویەتی وڵاتێك ناسنامەی ئیسلامی هەبێت، هەرگیز نابێت ببێتە ئەندامی یەكێتی ئەورووپا. هەروەها چەند جارێك وشەی دیكتاتۆری بەرامبەر بە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا بەكارهێناوە.
خیرت، لە 2006دا پارتی ئازادی دامەزراند و فۆكەسی سەرەكیشی لەسەر كۆچبەری ئیسلام بوو و دەیگوت دەبێت هۆڵەندا بەجێبهێڵن.
لە 2004دا ئەندامی پارتی دیموكراسی و ئازادی هۆڵەندا بوو، یەكێك لەو هۆكارانەشی وای كرد دەستلەكاركێشانەوە لەو پارتە رابگەیەنێت و پارتێكی تازە دروست بكات، پاڵپشتی پارتی ناوبراو بوو بۆ ئەوەی توركیا ببێتە ئەندامی یەكێتی ئەورووپا، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە خیرت، لەڕووی سیاسییەوە دژایەتییەكی زۆری توركیا دەكات.
ئەو سیاسییە، كاتێك هاتە ناو سیاسەتەوە ناوێكی گرنگ نەبوو، بەڵام لەوسەردەمەی ئەو هاتە ناو سیاسەت، یەكێتی ئەورووپا ئەرێنی بوو بەوەی دانوستاندن بۆ ئەندامبوونی توركیا لە یەكێتی ئەورووپا دەستپێبكاتەوە، خیرت بەو توندییەی بەرامبەر بە توركیا هەیبوو توانی ناوبانگ پەیدا بكات، بەتایبەت كاتێك دژی كۆچبەر و ئیسلامیش قسەی دەكرد.
لە 2009، لە دیمانەیەكیدا بۆ كەناڵی تەلەڤزیۆنی NTV، زۆر بە توندی بەرامبەر بە توركیا قسەی كرد و ئاماژەی دا، هەرگیز توركیا نابێتە ئەندامی یەكێتی ئەورووپا، چونكە نابێتە دروسێیەكی باش بەهۆی ناسنامە موسڵمانییەكەی. باسی لەوەش كرد، ئەو رەخنە لە گەلی توركیا ناگرێت، بەڵكوو تەنیا مەبەستی ناسنامە موسڵمانەكەیەتی.
لەو دیمانەیەدا گوتبووی: ”هیچ بڕوام بەوە نییە توركیا ببێتە دراوسێیەكی باش و ببێتە یەكێك لە تاكەكانی یەكێتی ئەورووپا. دەمەوێت توركیا ببێتە وڵاتێكی موسڵمانی دراوسێی باشی یەكێتی ئەورووپا، بەڵام 200 ملیۆن ساڵی بەسەر تێپەڕێت ئەمە روو نادات، نامەوێت وڵاتێكی ئیسلامی ببێتە ئەندامی یەكێتی ئەورووپا.“
بەهۆی ئەو لێدوانە توندانەی بەرامبەر بە توركیا دابووی، لە 2010 ویستی سەردانی توركیا بكات، بەڵام بە فشاری میدیای توركیا، وەزارەتی ناوەخۆ رێگەی نەدا ئەو سەردانە ئەنجام بدات و هاتنی بۆ توركیا بە نووسراو لێ قەدەغە كرد.
لە هەڵبژاردنی 2015_2018_2023، بەردەوام دژی ئەردۆغان قسەی كردووە و چەندین جار وەكوو دیكتاتۆر ناوی هێناوە، هەروەها كاتێك زانی لەو سێ هەڵبژاردنەدا توركەكانی هۆڵەندا بەشێكی زۆریان دەنگیان بۆ ئەردۆغان و ئاكەپە بووە، لە پەیامێكدا نیگەرانی خۆی دەربڕی و گوتی: ”مادام دەنگتان بە ئەردۆغان داوە، بڕۆنەوە بۆ توركیا و ئەو بارودۆخەی لەوێ هەیە تامی بكەن“
تاوەكوو ئێستا روون نییە، سیاسەتی خیرت بەرامبەر بە توركیا چی بەسەر دێت؟ ئەگەر هەر وەكوو پێشووتر بەردەوام بێت لە دژایەتی توركیا و ئەردۆغان، ئەردۆغانیش بێوەڵام نابێت و رەنگە كاریگەریی زۆر لەسەر ئەو توركانە بكات كە لە هۆڵەندا دەژین، هەروەها لەڕووی ئابووریشەوە كاریگەریی خراپی دەبێت، كە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەو دوو وڵاتە ساڵانە 15 ملیار دۆلاری ئەمركییە.