سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانى حکومەتى هەرێم لە دەرەوە ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوە بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوە پوختەیەکى لە سیاسەت و تێڕوانینى حکومەتى هەرێم لەمەڕ پتەوکرنى پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى خستەڕوو.
سەفین دزەیی، ئاماژەى بەوەدا کە هەوڵەکانى حکومەتى هەرێم بەردەوامە بۆ کردنەوەى چەند نوێنەرایەتییەکى تازە لەچەند وڵاتێک لە پێناو سوود و بەرژەوەندى هەردوولا.
بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوە سوپاسى نوێنەرانى حکومەتى هەرێمى لەدەرەوە کرد کە لە ئاستى بەرپرسیارییەتى دابوون و لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ خستنەڕووى دیدو تێڕوانینی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە پێناو پێشخستنى پەیوەندیییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانەى تێیدا نیشتەجێن لە بوارەکانى دیپلۆماسى و ئابوورى و بازرگانى کلتوورو وەبەرهێنان.
لە تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا باس لە بایەخى زیاتر بەهێزکردنى نوێنەرایەتییەکان و هاوکارى و هەماهەنگى لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانى ئەو وڵاتانە کرا کە نوێنەرایەتى لێیە. هاوکات باس لەو ئاستەنگانە کرا کە دێنە بەردەم کارى نوێنەرایەتییەکان و لەم رووەوە سەفین دزەیی پشتگیرى تەواوى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دووپاتکردەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکان و باشتر بەڕێوەچوونى کارەکان