رۆژی یەكشەممە، ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ شاندێکی باڵا، سەردانی هەولێریان کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران و حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، ئامانج لە سەردانەکە ئامادەکاری بوو بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
لەبارەی لێكتێگەیشتن و بەرەوپێشوەچوونی كارەكان، بەپێی ئەو ڕێكکەوتنەی لە نێوان هەرێم و فیدراڵ هەیە، د.كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “لە ڕووی هونەرییەوە، ئێمە کێشەیەکی وامان نییە، لایەنی تورکیش ئامادەییان دەربڕیوە بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، تەنیا کێشەکە لەوەدایە، کە لە بودجەی عێراقدا ئەوە دەستنیشان کراوە، بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت بۆ كۆمپانیاكان، هەشت هەزار و شەشسەد و نۆ دینارە، کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ئێمە ناتوانن بەو گوژمەیە بەرهەم بهێنن.”
هەروەها د.كەمال محەمەد، ئاماژەی بەوەش دا، “شاندی عێراقی فیدراڵ، وەکوو وەزارەتی نەوت، کەسانی پسپۆڕیان تێدایە و دەزانن بەو ژمارەیە ناتوانرێت نەوت بەرهەم بهێنرێت، بەڵام ئەوان هەندێک داواکارییان هەبوو، کە نموونەیەک بدەینەوە ئەوان و ئێمەش پێمان داون، هەروەها سی ڤیی کێڵگە نەوتییەکانیشمان پێداون، بۆیە داوا کرا ئەو ژمارەیە ڕاست بکرێتەوە، تا کۆمپانیاکانیش بتوانن دەست بە بەرهەمهێنان بکەنەوە؛ بۆ ئەوەش شاندی حکومەتی فیدراڵ، داوای چەند داتایەکیان لە ئێمە کردووە تا بۆیان ئامادە بکەین، ئێمەش ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگی تشرینی دووەمە، ئەو داواکارییەی ئەوانمان جێبەجێ کرد و بەشێوەیەکی فەرمی بۆمان ناردن، بۆیە ئێمە چاوەڕێین لە کاتێکی نزیکدا پێش یەکی مانگی كانوونی یەكەم، دەست بە دانوستاندن بکەینەوە.”
وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، جەختی كردەوە: “بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، لایەنی تورکی و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەردوولا ئامادەین، تەنیا بابەتی بەرهەمهێنان و گواستنەوە چارەسەر بکرێت لەلایەن وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیداراڵییەوە، هەناردەی نەوت دەست پێ دەکاتەوە.”
هەرێمی کوردستان ڕۆژانە توانای بەرهەمهێنانی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەیە، لە ٢٦ی حوزەیرانەوە تا ئێستا بە بەردەوامی ٨٠ تاوەکو ٨٥ هەزار بەرمیل لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە ڕادەستی حكومەتی فیدراڵ کراوە و لەسەر ئەو بنەمایەش بودجەی هەرێم دابین دەکرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری