سەرۆکی دەستەی کاروباری زیندانیانی فەڵەستین، رایگەیاند، “بەرپرسانی ئیسرائیل لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەست، 150 زیندانی ژن و منداڵ ئازاد دەکەن”.
قەدورە فارس، سەرۆکی دەستەی کاروباری زیندانیانی فەڵەستین بە ئیرەم نیوزی گوت: “ئازادکردنی زیندانیانی ژن و منداڵ لە کارە هەرە لەپێشینەکان دەبێت، کە لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد دەکرێت، بەو پێیەی وادەی دەستبەسەرکردنیان رەچاو دەکرێت، سەبارەت بەو لیستەی کە ئازاد دەکرێت”.
گوتیشی: ئیسرائیل تا ئێستا ناوی ئەو کەسانەی رادەستی کەس نەکردووە کە بڵاوکراونەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە هەماهەنگی هەیە بۆ تەواوکردنی رێککەوتنەکە بەڵام هێشتا هەنگاوەکانی جێبەجێکردن دەستی پێنەکردووە.
ئاماژەی بەوەشدا کە “زیندانەکانی ئیسرائیل 85 ژن و 350 منداڵی زیندانیکراوی تێدایە”، دەشڵێت: ژمارەی دەستگیرکراوەکان لە دوای شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کە لە 7ـی ئۆکتۆبەری رابردووەوە دەستیپێکردووە، زیادی کردووە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە فەڵەستینییە، سوپای ئیسرائیل لە دوای شەڕی غەززەوە تا ئێستا سێ هەزار فەڵەستینی لە تەمەن و گرووپی جیاجیادا دەستگیرکراون، روونیشی کردەوە، زۆربەی دەستگیرکراوەکان گواستراونەتەوە بەندیخانەی ئیداری.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لە غەززە گەیشتنە رێککەوتنێک و ئاگربەستێکیان بۆ ماوەی چوار رۆژ راگەیاند، بەو مەرجەی ئیسرائیل 150 ژن و منداڵ لە زیندانەکانی ئازاد بکات لە بەرامبەر ئازادکردنی 50 ژن و منداڵی بە بارمتەگیراو لە کەرتی غەززە، هەروەها چوونە ناوەوەی زیاتری یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە.