فراکسیۆنی پارتی لە نووسراوێکی فەرمیدا داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، “قەرەبووی ئەو زیانانە بكاتەوە كە رژێمەكانی عێراق لە گەلی كوردستانیان داون”.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22-11-2023، مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیوموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: “لەژێر راسپاردەی سەرۆك بارزانی و لە چوارچێوەی پابەندبوونمان بە خزمەتكردنی گەلی كوردستان، نووسراوێكی فەرمیمان لە رۆژی 19ی 11ی 2023 ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد كە بە شێوەی دەستی نووسراوەكەمان پێ دا و تێیدا ئاماژەمان بەوە كرد، پێویستە كار بە دەستوور و یاسای قەرەبووكردنەی ئۆپەراسیۆنە جەنگییەكان و هەڵە سەربازییەكانی ژمارە 20ی ساڵی2009 بکرێت”.
قەرەنی دەڵێت، بەپێی یاساکە “دەبێت قەرەبووی (شەهیدان و شوێنبزربووان، ئەوانەی تووشی پەككەوتنی تەواوەتی یان بەشێكی بوونەتەوە، ئەو زەرەرانەی بەر موڵك و ماڵەكان دەكەون لەگەڵ ئەو زەرەرانەی كە پەیوەندییان بە وەزیفە و خوێندنەوە هەیە) بكرێتەوە. هەروەها دەبێت کار بە یاسای قەرەبووكردنەوەی موڵكوماڵی زەرەرمەندبووانی دەست ڕژێمی پێشوو ژمارە 16ی ساڵی 2010 بکرێت كە قەرەبووكردنەوەی سەرجەم زەرەرمەندبوانی دەست ڕژێمی پێشوو دەگرێتەوە لە ساڵی 1968ەوە تا ساڵی 2023”.
ئاماژەی بەوەش کردووە: “هەر لەو نووسراوەدا جەختمان لەوە كردەوە كە ڕژێمی پێشوو سەدان هەزار كەسی سڤیلی لە گەلی كورد ئەنفال كردووە، لەنێویشیاندا هەشت هەزار بارزانی و هەزاران كوردی فەیلی، جگە لەوەی 4500 گوندی كوردستان وێران كردووە، چەكی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی لە زۆر ناوچەی هەرێمی كوردستان بەكار هێناوە كە یەكێك لەوانە هەڵەبجەیە. ملیۆنەها (مین)یشی چاندووە كە بووەتە هۆی زیانگەیاندنی جەستەیی و ئابووری كە هەوڵ و شارەزایی و پارەیەكی زۆری دەوێت تاوەكوو بتواندرێت لابدرێت”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو: “لە نووسراوەكەماندا بۆ سوودانی، روونمانکردووەتەوە كە هەموو ئەو كارانەی ئاماژەمان پێ داون، لە روانگەی یاساییەوە بەرپرسیارێتی دروست دەكات، بەهۆی بوونی روكنەكانی (هەڵە، زەرەر و پەیوەندیی هۆكاری)، لەبەر ئەوە پێویستە وەك سزایەك بەرامبەر بەو بەرپرسیارێتییەی دروست بووە، لە بەرامبەر ئەو زیانە گەورە و مەترسیدارەی كە كوردستان پێی گەیشتووە وەك گەل و وەك خاك، دەبێت قەرەبوو بكرێتەوە”.
بە گوتەی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، “بەرپرسیارێتی حكومەتی عێراق بە تێپەڕبوونی کات لەناو ناچێت، چونكە ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە گەلی ئێمە كراون تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆسایدن و هەموویان بە تاوانی نێودەوڵەتی دادەنرێن، هەروەك دادگای تاوانەكان و ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دانیان پێدا ناوە.”
دەشڵێت: “لە كۆتاییشدا جەختمان كردەوە كە دەبێت حكومەتی فیدڕاڵی قەرەبووی سەرجەم ئەو زەرەرانە بكاتەوە كە چ بە كەسەكان كەوتووە، چ بە موڵكوماڵی گواستراوە و نەگواستراوە كەوتووە، چ بەر ژینگە گەیشتووە لە پیسكردن و لەناوبردن، لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەری بەرامبەر بەو تاوانانەی كە ڕژێمی پێشوو دەرهەق بە گەلی كوردستان كردوویەتی.”