بە کورتی بە کوردی

ھۆشیار سیوەیلی

(هیچ شتێک لە سیاسەتی جیهانیدا حەتمی نییە)

ئەم ڕستە کورتە، یەکەم ڕستەی کتێبێکی نوێی جەیک سولەیڤان، ڕاوێژکاری نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانە. ئەو دوای ئەم ڕستەیە بەردەوام دەبێت و دەڵێت: “پێکهاتە سەرەکییەکانی هێزی نەتەوەیی، وەک دیمۆگرافی و جیۆگرافی و سامانە سروشتییەکان، گرنگن، بەڵام مێژوو پێمان دەڵێت، کە ئەمانە بەس نین بۆ بۆ دیاریکردنی ئەوەی کام وڵاتانە داهاتوو دیاریدەکەن. ئەوە بڕیارە ستراتیژییەکانن کە وڵاتان دەیدەن کە لە هەمووی گرنگترن – چۆن خۆیان لە ناوخۆدا ڕێکدەخەن و لە چیدا وەبەرهێنان دەکەن و کێ هەڵدەبژێرن تا ببنە هاوپەیمانیان و کێ دەیەوێت ببێتە هاوپەیمانیان ولە کام جەنگەدا بەشداری دەکەن و ڕێگری لە کام جەنگە دەکەن و لە کامیان دووردەکەونەوە). ناونیشانی وتارەکەی جەیک سولێڤان (The Source of American Power) کە بو کوردی دەبێتە (سەرچاوەکانی هێزی ئەمەریکا) لە ٢٤ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بڵاوکراوەتەوە. لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە باسی ناوەرۆکی وتارەکە بکەم یان هەڵسەنگاندنی بۆ بکەم، مەبەستم ئەوەیە کە بڵێـم: یەکەم، هیچ شتێک لە سیاسەتدا حەتمی نییە و پێشتر دیارینەکراوە، بەڵکو سەرکردەکان بە پلەی یەکەم کاریگەریی سەرەکییان لەسەر ڕێڕەوی ڕووداوەکان و داهاتووی ململانێکان و ئایندەی ئەو نەتەوان و وڵات هەیە. دووەم، پێکهاتە سەرەکییەکانی وڵات یان نەتەوە گرنگن، بەڵام بڕیارە ستراتیژی و درێژخایەنەکان دەربارەی شێواز و چۆنییەتی بەکارهێنان و سوودوەگرتن لەو توخم و پێکهاتانە گرنگترن، گرنگترین بڕیارە ستراتیژییەکان چۆنییەتی رێکخستنی نێوخۆ و بەڕێوەبردن و سەرکردایەتی وڵاتە. ناکرێت بە لەش و مێشکێکی بیمارەوە بچیتە مەیدانی کێبڕکێ و زۆرانبازی و ململانێکانەوە. وەبەرهێنانەکان گرنگن بۆ حازر و داهاتوو. بەرزکرندنەوەی باڵاخانە و مۆڵ و کۆشکەکان گرنگن، بەڵام وەبەرهێنان لە پەروەردە و خوێندن و تەندروستی و کشتوکاڵ و کەرتەکانی تر گرنگترن. هیچ شتێک حەتمی نییە و خوای گەورە ئەقڵی داوەتە مرۆڤ تا ئێستا و داهاتوو بەشێوەیەک بگونجێنێت کە بەرژەوەندی خۆی و بەرژەوەندی گشتی بپارێزێت

ھەواڵی زیاتر