ئەمڕۆ سێشەممە 2023.11.21، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە بنکەى تەندروستى هەولێرى نوێ، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتیى تەندروستى هەولێر ڕێورەسمێکى تایبەت ڕێکخرا بۆ پێشکەشکردنى ڕێزلێنان بە بەشداربووانى هەڵمەتى نیشتیمانى کۆکردنەوە و لە ناوبردنی پاشماوەی دەرمانی بەکار نەهاتوو و ماوە بەسەرچووی ماڵان و هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتییان لە مەترسییەکان.
لە ڕێورەسمەکەدا، کە هەریەک لە د.دلۆڤان محمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى هەولێر و جێگرى سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەرێوەبەرانى پاراستنى ژینگە و ژینگە پارێرێزى هەولێر ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر لە وتارێکدا، دەستخۆشى لە بەرێوەبەرایەتى گشتیى تەندروستى هەولێر و سەرۆکایەتى شارەوانى و بەڕێوەبەرایەتیەکانى خزمەتگوزارى ژینگە پارێزى و پاراستنى ژینگە و دەستەى لە ناوبردنى دەرمان و خاوەنى بیرۆکەى هەڵمەتەکە کرد و ڕایگەیاند: ” وێڕاى پشتیوانیکردنمان لەو هەڵمەتە، خۆشحاڵین کە بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی عێڕاق و هەرێمی کوردستان لە هەولێر ئەو هەڵمەتە ئەنجامدەدرێت”. هيواشى خواست هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاکەشمان هاوکار و هەماهەنگبن و بەشداربن لەو هەڵمەتەدا کەوێڕاى پاراستنى ژینگە، سودێکى زۆریشى هەیە بۆ پاراستنى تەندروستى و سەلامەتى گیانى هەوڵاتییان.
لەکۆتاى ڕێورەسمەکەشدا، لەلایەن پارێزگارى هەولێر و ئامادەبووان ڕێزلێنان پێشکەش بەو کەس و لایەنانە کرا کە بەشداربوونە لەو هەڵمەتە نیشتیمانییەدا.
جێگەى باسە، لە 2023.8.21، هەڵمەتی نیشتیمانی کۆکردنەوە و لەناوبرنی پاشماوەی دەرمانی بەکارنەهاتوو، یان ماوە بەسەرچووی ماڵان دەستى پێکردووە و تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامە، لەم هەڵمەتەدا ڕۆژانە لە گەڕەک و شوێنە گشتییەکان لە نێو زبڵ و پاشماوەکان دەرمان ماوە بەسەرچوو کۆدەکرێتەوە، هەروەها لە سەرجەم بنکە تەندروستیەکان و نەخۆشخانەکان سەلەى زبڵى تایبەت دیاریکراوە و هاوڵاتییانیش لە کاتى سەردانیان بۆ ئەو شوێنانە پاشماوەی دەرمانی بەکارنەهاتوو و ماوە بەسەرچوو دەخەنە نێو ئەو سەلە تایبەتانەوە و پاشان لە شوێنێکى تایبەت لەنێودەبردرێن.