ڕۆشناییەکانی نێو “کتیبی ڕەش”ـی دڵشاد عەبدوڵڵا

ئارام كۆشكی – سلێمانی

خوێندنەوەی ئەزموونی شاعیران و نووسەران چەندە گرنگە، خوێندنەوە وتار و چاوپێکەوتن و ئەزموونەکانیشیان بۆ من گرنگی خۆی هەیە. زۆرجار لە ڕێی ئەو گوتار و چاوپێکەوتن و بیرەوەرییانەی نووسەران و شاعیرانەوە، زیاتر لە ئەزموونە شیعریی و نووسینەکانیان ئاشنابووم. بۆیە لەوەتەی دەخوێنمەوە هاوشان لەگەڵ خوێندنەوەی دەقی شاعیران و نووسەراندا هەوڵی خوێندنەوەی گوتار و چاوپێکەوتنەکانیشیانم داوە و زۆرێکیان بەکەڵک و سوودمەندبوون، کە گوتاری هەندێک نووسەر و شاعیر هەیە چەندجارێکم خوێندووەتەوە و چەند ساڵ جارێک خەتمی دەکەمەوە، چونکە زۆرجار هەستم بەوە کردووە ئەوەی لە دەقەکاندا (چ شیعر، چیرۆک و رۆمان)دا بۆیان جێ نەکراوەتەوە لەو جێگەیانەی دیکە گوزارشتیان لێ کردووە.

زیاتر لە 20 ساڵە خوێنەری نووسەر و شاعیر “دڵشاد عەبدوڵڵا”م هەرچی نووسی بێت خوێندوومەتەوە، چ دەقە شیعرەکانی چ ئەو وتار و تێڕامانە شیعریی و فیکرییانەی نووسیونی، ئەوکاتی گۆشەی “ئیرۆسکی”ی هەبوو خوێنەرێکی بەردەوامی گۆشەکەی بووم و دواتریش کە کردییە کتێب بە هەمان ناونیشانەوە جارێکی دیکەم خوێندەوە و بۆ من تێکستگەلی چێژبەخش و ڕامانگەلی پڕ بیرکردنەوە بوون. دڵشاد لە چەشنی ئەو شاعیرانەیە کە هەست بە وشەی خۆڕسک دەکەم لە رۆحیدا، یان ڕوونتر بڵێم ئەو خۆرسکانە نووسەرە بەبێ زۆر لەخۆکردن و نووسینەکانی بەرهەمی بیرکردنەوە و ڕامان و قووڵبوونەوەن، نەک شتی دیکە. بێگومان سوود لە ئیلهام وەردەگرێت، بەڵام بەبێ نووسینەوەی ئەو ڕۆشنایی و تاریکییانەی لەنێو ڕۆحیدایە ناتوانێت بنووسێت، خۆی دەنووسێتەوە، بەڵام خۆنووسینەوەیەک لە قووڵاییدا.
لەم چەند رۆژەی ڕابردوودا نوێترین کتێبی ئەم شاعیر و نووسەرە بڵاوکرایەوە و هەر زوو دەستم بە خوێندنەوەی کرد. هەندێک کتیب بەختی ئەوەیان هەیە سەرە وەرناگرن و نۆرەبڕی خۆیان دەکەن و بەر لەوەی بگەنە نێو ڕەفەی کتێبخانەکەم و ئەو مێزە بچووکانەی کتێبیان لەسەر کەڵەکە کراوە بۆ خوێندنەوە، دەخوێنرێنەوە. “کتێبی ڕەش”ی دڵشاد عەبدوڵڵاش لە چەشنی ئەو کتێبانە بوو، کە بەر لەوەی ژووی کتێبخانەکەم ببنێ خوێنرایەوە. هەر کتێبەکەم بینی کەوتنە بیری رۆمانە بەنێوبانگەکەی ئۆرهان پاموک؛ کە ئەویش ڕۆمانێکی بەهەمان ناونیشانەوە هەیە و مانگی پێشوو خوێندمەوە، پێم سەیر بوو ئەم کتێبەی دڵشادیش هەمان ناونیشانی وەرگرتووە. بەڵام ئەم شاعیرە کاتێک کتیبی “بزربوونی ناوێک”ی بڵاوکردەوە باسی ئەوەی کردبوو، کە ئەو ناوێکی بۆ ئەو کتێبە شیعرییەی بۆ نەدەدۆزرایەوە بۆیە ناوی “بزربوونی ناوێک”ی بۆ داناوە. پێدەچێت بۆ هەڵبژاردنی ئەم ناونیشانەش چیرۆکێک هەبێت، بەڵام ئێمە دوای ئەم چیرۆکە ناکەوین. بەڵام دوای ئەو رۆشناییە دەکەوین کە لە کتێبەکەدا هەیە. وەک خۆی لە پێشەکییەکەدا دەڵێت لە پشت ڕەنگی ڕەشەوە چەندین تۆنی دیکە هەیە وەکو هەموو ڕەنگەکانی دیکە.
کتێبی رەش؛ لە چەند گوتاری ئەدەبی و چەند پارچەیەک لە بیرەوەریی شاعیر و دوو چاوپێکەوتنی ئەدەبی پێکهاتووە. سەرجەم گوتار و بەشەکانی دیکەی ئەم کتێبە گەشتێکن بە ئەزموونی زیاتر لە چل ساڵەی ئەم شاعیرەدا. ئەو هەر لەسەرەتاوە دەیەوێت وەڵامی ئەوە بداتەوە بۆ دەنووسێت؟ ئەو پرسیارەی هەموو نووسەران و شاعیران دەیانەوێت وەڵامی بدەنەوە و هەمیشە وەڵامەکە کورت دەهێنێت. لای دڵشادیش هەستم بەو کورتهێنانە کردووە. ئەو دەنووسێت: “دەنووسم، چونکە ناتوانم نەنووسم. ژیان لە دەرەوەی نووسین مانا و مەغزای تێدا نابینم بۆ خۆم”. ئەم وەڵامە چەند ڕازیکەر دیارە، بەڵام وەڵامێکی مەتاتییە و خۆی دەڵێت کە لەو پرسیارە دەربازم دەبێت ڕووبەڕووی پرسیارە قورسەکە دەبمەوە “چی دەنووسم؟ چۆن دەنووسم؟” بێگومان پرسیاری بۆ دەنووسین؟ هەمیشە گرێدراوی کۆمەڵێک پرسیاری دیکەیە، بۆیە هەمیشە لە ئاست یەکێک لەو پرسیارانەدا وەڵامەکان کورت دەهێنن. وەڵامی زۆر نووسەرم خوێندووەتەوە سەبارەت بە پرسیارە بنەڕەتییەکەی “بۆ دەنووسی؟” بەڵام هەمیشە هەستم بە کورتهێنان کردووە، خۆم چوار ساڵ زیاترە ناوە ناوە وەڵام بۆ ئەم پرسیارە دەنووسم و بۆ ئەم وەڵامەی زیاد دەکەم، بەڵام تا ئێستا ئەوەی خۆشم هەر کورتی هێناوە.
بێگومان کورتهێنانی وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر هەڵدەگرێت، لەبەر ئەوەی نووسەران و شاعیران لەبەر سەدان هۆکار دەنووسن کە زۆربەیان بۆ خۆشیان ڕوون نییە. نووسین لای شاعیر و نووسەری ڕاستەقینە هێزێکی ناوەکییە، کە ناتوانێت نەنوسێت، چەندە خۆی لە نووسینیش بدزێتەوە ناتوانێت نەنووسێت. نووسین بۆی دەبێتە جۆرێک لە سرووتی ڕۆحی، یان بەشێک لە بوونی، کە لێی دابڕاو نییە و وەکو ئەندامێکی جەستەی لێ دێت. نووسین تێکەڵی خوێن و رۆح دەبێت و نووسەر ناتوانێت نەنووسێت وەکو چۆن ناتوانێت هەناسە نەدات، بۆ نووسینیش هەمان شێوەیە.
خوێنەر لەگەڵ “کتێبی ڕەش”دا گەشتێکی زۆر بە چێژ و پڕ لە مەعریفە دەکات لەگەڵ ئەزموونی ئەم شاعیرەدا کە چل ساڵە هاونشینی دونیای شیعرە و بەر وەڵامی چەندین پرسیاری دیکەش دەکەوێت وەکو پرسیاری شیعر چییە؟ نوێگەریی چییە؟ شیعری نوێ چییە؟ زمانی شیعریی چۆنە؟ کەی کاتی نووسینە و نووسەران کەی دەنووسن؟ هاوکات خوێنەر بەر نیگای ئەم شاعیرەش دەکەوێت بۆ شیعریی نوێ. ئەمە بێجگە لە چەند ویستگەیەکی دیکەی ژیانی، کە بۆ ئاشنابوون بە تەواوی بیرکردنەوەی ئەم نووسەرە گرنگی بۆ خوێنەر هەیە.
لێرەدا نامەوێت زیاتر سەبارەت بە کتیبەکە بدوێم، خوێندنەوەی بۆ خوێنەر بەجێ دەهێڵم، لەم نووسینەدا ناپەرژێمە سەر لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی بۆچوونەکان، ئەوانە بۆ دەرفەتی دیکە هەڵدەگرم، بەڵام تەنها ویستم ئەم کتێبە بەبێ دەنگی نەسپێردرێت وەکو ئەو سەدان کتێبەی دیکە کە مانگانە بڵاو دەبنەوە و بەبێ ئەوەی وشەیەک لەبارەیانەوە بنووسرێت و بێدەنگی دەیانکوژێت.

ھەواڵی زیاتر