هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

گوتاری مه‌سرور بارزانی له‌ یادی سه‌د ساڵه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی شانۆ له‌ هه‌ولێر

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ یادی 100 ساڵه‌ی شانۆ له‌ هه‌ولێر گوتی: “زۆر خۆشحاڵم ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ له‌و یاده‌ له‌گه‌ڵتان ده‌بم. ئه‌مڕۆ‌ یادی سه‌‌د ساڵه‌ی په‌یدابوونی بزاڤی شانۆگه‌رییه‌ له‌ هه‌ولێر و بۆ یه‌كه‌مجار له‌ قوتابخانه‌ی ئه‌ربیل ئولا بووه‌، كه‌ یه‌كه‌مجار بووه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رهه‌ڵبدات.

گوتیشی: “هه‌ولێر‌ یه‌كێكه‌ له‌ كۆنترین شاره‌كانی جیهان و ژیان تێیدا به‌رده‌وامه‌. یه‌كه‌م شانۆگه‌ریی له‌ هه‌ولێر له‌ باره‌ی ئازایه‌تی و دادپه‌ره‌وه‌ری سه‌ركرده‌ی كورد سه‌ڵاحه‌ددین ئه‌یوبییه‌، كه‌ به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یكان خه‌ڵكی گوندی دوینی سه‌ر به‌ سه‌ڵاحه‌ددین بووه‌”.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، شانۆ یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین و كۆنترین هونه‌ره‌كانی جیهان، كه‌ هه‌زاران ساڵ پێش زایین هه‌بووه‌ و ئاوێنه‌ی بارودۆخی واقع و ژیانی خۆش و ناخۆشی ئه‌و كات بووه‌. شانۆ له‌ پاڵ هونه‌ره‌كانی دیكه‌دا رۆڵی گه‌یاندنی چه‌ندین په‌یامی دیكه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، بۆیه‌ ده‌كرێت له‌م رێگه‌یه‌وه‌ شانۆكاران و هونه‌رمه‌ندانی كورد، سوودی گرنگ به‌ خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌ بگه‌یه‌نێت، به‌تایبه‌تیش مێژووی گه‌لی كوردستان،‌ به‌ درێژایی مێژوو رووبه‌ڕووی چه‌ندین جینۆساید و كۆمه‌ڵكوژی بووه‌ته‌وه‌، كه‌ بابه‌تی ده‌یان كاری هونه‌رییه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ده‌كرێ ئاماژه‌ به‌ چه‌ند شانۆگه‌رییه‌ك بكه‌ین، به‌بیرم دێ، كه‌ منداڵبووین چه‌ند گه‌نجێكی خوێنگه‌رم شانۆگه‌رییه‌كیان له‌ باره‌ی كاوه‌ی ئاسنگه‌ر پێشكه‌شكرد، زۆر چێژم لێ بینی، دواتریش دوای راپه‌ڕین له‌ بیتوێن چه‌ند گه‌نجێك شانۆگه‌رییه‌كیان پێشكه‌ش كرد، كوڕێكی زۆر ده‌نگ خۆش، به‌ شێوازێك په‌یام و ئازاری ئه‌و كاره‌سات و نه‌هامه‌تیانه‌ی به‌ هه‌موو ئاماده‌بووان گه‌یاند، كه‌ به ‌راستی كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر ده‌روونی مرۆڤ ده‌كرد.

مه‌سرور بارزانی روونیكرده‌وه‌، قسه‌كردن له‌سه‌ر شانۆ بۆ ئێوه‌یه‌، به‌ڵام بۆ ئێمه‌ شانۆ وه‌كو داهێنان یان وه‌كو بیره‌وه‌ری خۆشی و ناخۆشی رووداوه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌ستی مرۆڤ ده‌دوێت. ئه‌وه‌ی من هه‌ستم پێكردووه‌، كاتێك شانۆ پێشكه‌ش ده‌كرێت، وه‌ك ته‌ماشاڤانێك هه‌ست ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ خۆشییه‌كانی دڵت خۆش ده‌بێت و له‌گه‌ڵ بیره‌وه‌رییه‌ ناخۆشه‌كانیش دڵت توند ده‌بێت.

روونیشكرده‌وه‌، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ رووحییه‌ گه‌وره‌یی ئه‌م هونه‌ره‌ پیشان ده‌دات، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك هه‌میشه‌ پشتیوانی خۆی بۆ به‌ره‌وپێشبردنی بواری شانۆ و هونه‌ری كوردی دووپات ده‌كاته‌وه‌، به‌ پێی تواناكانی، له‌ حكومه‌تی هه‌رێم درێغی ناكه‌ین له‌ پێشخستنی، هه‌رچه‌نده‌ خۆتان ئاگادارن له‌ دوو ساڵی رابردوودا به‌هۆی قه‌یرانه‌كان له‌ دۆخێكی سه‌ختدا بووین و تا ئێستا وه‌كو پێویست نه‌توانراوه‌ ئه‌و دۆخه‌ تێپه‌ڕێنین.