دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

نرخی نەوت دابەزی

نرخی نەوت رۆژی پێنجشەممە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا و نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خواست لەلایەن وڵاتە ئاسیاییەکانەوە بۆ دووەم رۆژی لە دوای یەک، دابەزی.

نرخی نەوتی برێنت 28 سەنت دابەزی و بە 80 دۆلار و 90 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 31 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 76 دۆلار و 35 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەردوو نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا و نەوتی برێنت رۆژی چوارشەممە بەرێژەی 1.5٪ دابەزینیان تۆمارکردبوو.

بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو، قەبارەی نەوتی یەدەگی ئەمریکا سێ ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل زیادیکردووە، ئەوەش زیاتر بووە لەو 1.6 ملیۆن بەرمیلەی شرۆڤەکاران پێشبینیان کردبوو، هەروەها بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا لە ئاستی 13 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیلی رۆژانە بە جێگیری ماوەتەوە، کە ئەمەش بە ئاستێکی بەرز هەژماردەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە بەکارهێنانی نەوتی خاو لەلایەن پاڵاوگەکانی چینەوە لە مانگی رابردوو، دابەزیوە بەهۆی کەمبوونەوەی خواست لەلایەن پیشەسازییەکانی ئەو وڵاتەوە، ئەو هۆکارانەش بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت و لەئەنجامیشدا دابەزینی نرخەکەی.