سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سەرۆکی عەشیرەتی شەرابی: بەهۆی سەرۆک بارزانییەوە بە سه‌ربه‌رزانه‌ گەڕاینەوە زوومار

سەرۆکی عەشیرەتی شەرابی لەبارەی گەڕانەوەیان بۆ گوندی شێخان لە زوومار سوپاسی سه‌رۆك بارزانی دەکات و دەڵێت، “بەهۆی ئەوەوە توانیمان بە سه‌ربه‌رزانه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ شوێنی باب و باپیرانمان”.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-11-2023، شێخ عەبودی عەزیز ئەلنەمەر، سەرۆکی عەشیرەتی شەرابی له‌ ناحیه‌ی زوممار له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان راگه‌یاند، “سوپاسی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ده‌كه‌ین كه‌ به‌ هه‌وڵ و كۆششی ئه‌وان؛ ئه‌مڕۆ توانیمان به‌ سه‌ربه‌رزانه‌ و دوای ساڵانێك له‌ ئاواره‌یی بگه‌ڕێینه‌وه‌ زێدی باب و باپیرانمان”.

سەرۆکی عەشیرەتی شەرابی گوتیشی: “ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ند دڵخۆشین كه‌ به ‌قسه‌ و گفتار ناتوانین وه‌سفی ئه‌م رۆژه‌ خۆشه‌ بكه‌ین. سوپاسی سه‌رۆك بارزانی‌، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان برایانی دیكه‌مان له‌ كوردستان ده‌كه‌ین، كه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ ناوچه‌كه‌مان دوای ساڵانێك له‌ ئاواره‌یی زۆر دڵخۆشیان كردین”.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-11-2023، لە رێوڕەسمێکدا 280 خێزانی ئاوارەی دانیشتووی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بە هەوڵی سەرۆک بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە گوندی شێخانی سەر بە ناحیەی زوومار، لە پارێزگای نەینەوا.

سیروان رۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “دوای چەندین ساڵ ئاوارەبوون بەهۆی شەڕی داعشەوە، ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشین بە گەڕانەوەی کوسوکارمان بۆ گوندی شێخان لە سنووری ناحیەی زوومار. ئەم گوندە لەلایەن پێشمەرگە قارەمانەکانەوە ئازادکراوە کە رۆڵی سەرەکییان هەبوو لە رزگارکردنی شوێنەکانی دیکەی پارێزگای نەینەوا، بەتایبەتی زوومار”.

جێگری پارێزگاری نەینەوا گوتیشی، “سوپاسی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆیەوە لێژنەیەکیان پێکهێنا بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە سنووری ناحیەی زوومار”.

زیاتر لە 660 هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستان دەژین، 41%یان لە هەولێرن، 40% لە دهۆک و 19%ـیشیان لە سلێمانین. لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 25 کەمپی ئاوارە و پەنابەران هەن و خەرجی ساڵانەیان زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلارە.

لە ساڵى 2014 چەکدارانى رێکخراوى تیرۆریستیی داعش ناحیەی زوومار و زۆرینەى ناوچەکانى سنوورى پارێزگاى نەینەوایان کۆنتڕۆڵ کرد. رۆژی دووشەممە، 25-10-2014، هێزەکانی پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی ناحیەی زووماریان لەژێر دەستی داعش رزگارکرد. دواتر پارێزگای نەینەوا لە ناوەڕاستی ساڵى 2017 بە تەواوى لەژێر دەستی داعش رزگارکرا.