سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر: دیاردەی یاری کردن بە نرخی دەرمان کۆنتڕۆڵکرا

فەیسەڵ شێخانی

د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، لەم گفتوگۆیەدا ڕایدەگەیەنێت: چارەسەری ماددەی هۆشبەر تاكلایەنە ئەستەمە، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاری لەسەر دەكات، ئەوە تەنیا بە وەزارەتی تەندروستی ناكرێت، یا وەزارەتی كار، دەكرێت چەند وەزارەتێك و پسپۆڕییەك بەیەكەوە بەهاوئاهەنگی كار لەسەر ئەو بابەتە بکەن.

  • گلەییەكی زۆر هەیە لەلایەن هاووڵاتییانەوە كە نەخۆشخانە حكوومییەكان دەرمانی پێویستیان تێدا نییە، هۆكاری ئەوە چییە؟
    _ تا ئاستێك ئەو قسەیە ڕاستە، بەڵام پرۆسەی دابینكردنی دەرمان، پێویستی بە بودجەیەكی زەبەلاح و گەورە هەیە، خۆشبەختانە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گرنگییەكی زۆری بە كەرتی تەندروستی داوە، بودجەیەكی زۆری بۆ زۆربەی دەرمانەكان دابین كردووە، بەڵام جاری وا هەیە كورتهێنان ڕوو دەدات، هەندێك دەرمان تەنیا لەلایەن بەغداوە دابین دەكرێت، بەشێک لەو دەرمانانە یا بەشێك لەو پێكوتانە كە باسمان كرد، تەنیا دابینكەرەكە بەغدایە و لەڕێی ئەوانەوە دابین دەكرێت، لە ڕێی ئەوانیشەوە كورتهێنان ڕوو دەدات.
    لای خۆشمان هەندێك جار كێشەمان بۆ دروست دەبێت بەهۆی درەنگهێنانی كۆمپانیا، یاخود خواستی ئەو دەرمانە لای هاووڵاتی زۆر بووە لەو نەخۆشخانانەی سەردانیان كردووە، ئێمەش بودجەكەمان دیاری كراوە، بۆیە ئەوە لە بنكە تەندروستی و نەخۆشخانەكان ئایتمێك یا دوو ئایتم كەم دەكات، بەڵام دەتوانین بەشێوەیەكی گشتی بڵێین ئەو دەرمانانەی كە نەخۆش داوای دەكات دابین كراوە.

*بۆچی پزیشك لە نەخۆشخانە حكوومییەكان كەمە، جاری واش هەیە پزیشك بە تەلەفۆن بانگ كراوە بۆ بینینی نەخۆش یا نەشتەرگەری، هۆكاری ئەوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
_ نەخۆشخانەكانی ئێمە لە ڕاوێژكارییەكان، پزیشكەكانی ئێمە كە دادەنیشن، لە سەعات هەشتی بەیانی بۆ یەكی بەیانی، ئەوانەی ئێشكگریش هەمانە 24 سەعاتی و هەشمانە 12 سەعاتە دەوامی، بەڵام لە سیستمی هەموو دنیا وایە ئەو پزیشكانەی كە لەوێن باسی فریاكەوتن دەكەم، پزیشكی نیشتەجێی خولاو 24 سەعات ئامادەیە كە پزیشكی نیشتەجێی دێرینیشمان هەیە ئەوانیش 24 سەعات لە نەخۆشخانە ئامادەن، پزیشكی پسپۆر دەمێنێت، ئەوانیش لە 24 سەعات لەوێن، بەڵام پزیشكە پسپۆرەكانی تر لە كاتی پێویست ئامادە دەبن، ئێمە ڕێنوێنییەكی تایبەتمان هەیە بەتایبەت ئەو پسپۆڕانەی كە پێویست ناكات هەموو كاتێك لەوێ بن، پێویستە نیو سەعات زووتر لەوێ ئامادەبن جگە لە پزیشكی دێرین و پزیشكی پسپۆڕی فریاكەوتنیش بینیویەتی، حاڵەتی كتوپڕ هەبێت لەلای ئەوانەوە حاڵەتەكە جێگیر دەكرێت ئەگەر نەشتەرگەریی پێویست بێت یا نا، نەشتەرگەریی گشتی، نەشتەرگەریی شكان، ئەو دوو نەشتەرگەرییە لە بەیانیان و ئێوارانیش دەكرێ، لە هەندێ دامودەزگاش هەیە كە هەندێ لە كارمەندەكان پابەند نابن، ئێمە كارگێڕی نەخۆشخانەكانمان ڕاسپاردووە كە ئەگەر پزیشكێك لە كات و ساتی دەوامی خۆی ئامادە نەبوو، دەبێت لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكرێت، هەندێك كەس پابەندە بە دەوام و هەندێ لە كەسانی تریش پابەند نابن، بەڵام لێرە ئەوانەی كە پابەند نابن سزا دراون، لە ڕووی كارگێڕییەوە و لەلایەن لیژنەی بەدواداچوون و لیژنەی لێكۆڵینەوە، لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كراوە.
سزاكانیشمان چەند جۆرێكی هەیە، لە رووی كارگێڕییەوە، سەرنجڕاكێشان و ئاگاداركردنەوە و بڕینی مووچە دەیانگرێتەوە، سزاكەش زۆر گەورە بێت كە پێویستی بە دادگا هەبێت، لیژنەی لێكۆڵینەوەمان هەیە، بە ئامادەبوونی داواكاری گشتی كە تێیدا ئامادە دەبێت، ئەو دادوەرەی كە لەڕێی داواكاری گشتییەوە هاتووە، لەوانەیە بڕوای وابێت كە سزاكە زۆر گەورە بێت، ئەوە دراوەتە دادگا، لە دادگا سزاكەی یەكلا كراوەتەوە، سزای گەورەتر سزای كارگێڕییە دەدرێتە دادگا.

*كەموكورتی كەرتی تەندروستی چییە بەگشتی؟
_ زۆربەی ئەو باڵەخانانەی لە كەرتی تەندروستی هەن، کۆن بوون، لە ماوەكانی ڕابروو زۆر هەوڵی ئەوەمان داوە كە باڵەخانەی تازە دروست بكرێ، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە هەرچی پڕۆژە هەیە ڕاگیراوە، بەشێك لە نۆژەنكردنەوەی باڵەخانەكانمان لەلایەن حكوومەتەوە كراوە، چەندان نۆژەنكردنەوەمان كردووە، بەشێك لە باڵەخانە تازەكانیش كە كراون، زۆربەیان لەلایەن خێرخوازانەوە كراون.

  • بۆچی چاودێر نییە لەسەر دەرمانخانەكانی لاكۆڵانان؟ بەپێی بەدواداچوونەكانی ئێمە، هەر دەرمانخانەیەك بۆ خۆی نرخ لەسەر دەرمان دیاری دەكات؟
    _ دەرمانخانەكان بەتایبەت دەرمانخانەكانی شاری هەولێر، سەرپەرشتیكردنیان لەلایەن سەندیكای دەرمانسازانەوەیە، جگە لەوەی ئێمە تیمی هاوبەشمان هەیە، لەگەڵ قایمقامی هەولێر، كارمەندی تەندروستیی تێدایە بۆ بەدواداچوونی دەرمانخانەكان، تەنیا لاكۆڵانەكان نەبێت ئەوانیش رێنوێنیی تایبەت بە خۆیان هەیە، پێویستە پابەند بن، بەتایبەت لەم ماوەیەدا لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەر دەرمانێك ئێستە دێتە بازاڕەوە، دەبێت ئەو ستیكەرە نوێیەی لەسەر بێت، لەسەر ئەو ستیكەرە دەرمان نرخیشی دیاری كراوە، بۆیە ئێستە ئاسانكاری بۆ هاووڵاتییان كراوە، دەتوانن خۆیان داوای ئەو دەرمانانە بكەن كە ستیكەریان لەسەرە لە ڕێی كۆد و مۆبایلەكانیانەوە دەتوانن نرخەكانی بزانن، ئایا ئەو نرخەی كە دیاری كراوە لەلایەن وەزارەت هەمان نرخە كە پێیان دەفرۆشرێتەوە یا نا. لە ماوەی ڕابردوودا ئەوە هەبووە كە نرخ دیاری نەكرابوو، لەوانەیە هەر دەرمانخانەیەك بە ئارەزووی خۆی نرخی دانابێت، بەڵام ئێستە ستیكەر لەسەر هەموو دەرمانێك هەیە، لیژنەكانیش بەدواداچوون دەكەن، پێویستە ئەو دیاردەیە بنبڕ بكرێت هەر كەسە و بە ئارەزووی خۆی نرخ دابنێ، دەبێت هەمووی ببێت بەیەك نرخ.
  • نیازتان نییە سەنتەرێكی مادەی هۆشبەر بكەنەوە، بۆ چارە کردنی ئالوودەبووان؟
    _ چارەسەری مادەی هۆشبەر تاكلایەنە ئەستەمە، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاری لەسەر دەكات، ئەوە تەنیا بە وەزارەتی تەندروستی ناكرێت، یا وەزارەتی كار، ئەو چارەسەركردنە دەكرێت چەند وەزارەتێك و پسپۆڕییەك بەیەكەوە بەهاوئاهەنگی هەوڵی ئەوە بدرێت كار لەسەر ئەو بابەتە بكرێت. بەپێی زانیارییەكانمان سەرۆكی حكوومەت و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریان لەسەر ئەوە داوە كە سەنتەرێكی چارەسەركردنی مادەی هۆشبەر دروست بكرێت لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك. ئەو كارە زیاتر وەزارەتی كار پێی هەڵساوە، بەڵام بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، چونكە سەرەڕای دابینكردنی چارەسەر، پێویستی بە چارەسەری ژیانەوە هەیە، واتە ئەو كەسەی ئالوودەی مادەی هۆشبەرە، سەرەتا دەبێت چارەسەری پزیشكی وەربگرێت، دواتر ئامادە بكرێت بۆ ناو كۆمەڵگە بۆ ئەوەی چیتر روو لەم كارە نەكاتەوە.
    هەندێك جار لە ڕووی تەناهییەوە دەبێت ئەوە بكرێت، ئەوانەی بەكارهێنەرن رەنگە خۆیان بازرگانی ئەو ماددە هۆشبەرانە بن، هەر ئەوان بۆ خەڵكی تری دابین بكەن، بۆیە دەبێت ئەو گرفتە كۆنترۆڵ بكرێت، هەرچەندە ئێمە لەلایەن كاری تەناهییەوە دەبینین، چەندان باند و خەڵك دەگیرێن كە خەریكی كڕین و فرۆشتن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرن. ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر، ئێستە لە هەوڵی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی گەورەی دەروونین لە شاری هەولێر كە لەلایەن خێرخوازانەوە دروست دەكرێت، نزیكەی 27 هەزار مەتر دووجایە، جگە لەوەی ئەو شوێنانە چارەسەركردنی دەروونی دەبێت، بڕیار وایە باڵەخانەیەكیش بۆ چارەسەركردنی مادەی هۆشبەر دروست بكرێت، بۆ ئەوەی چارەسەرییان پێ بدەین.