سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

بەرزی ئاستی چەورییەکان و چارەسەركردنی

(د. سەعید عوسمان) دکتۆرا لە نەخۆشییەکانی هەناوو دڵ لە بارەی چەوری و بەرزی ئاستی چەورییەكان چەند ڕێنماییەكی گرنگ دەخاتە ڕوو :

(د. سەعید عوسمان) ئاماژە بەوە دەدات كە لەناو لەشی مرۆڤدا ” بەز ” هەیە، هەروەها چەوری بەشێوەی تواوە لەناو خوێندا. چەوری یاخود چەوری خوێن دوو جۆری هەیە، (کۆلیسترۆڵ و تراگلیسراید).
ئەوەی زیاتر کێشە بۆ مرۆڤ دروست دەکات کۆلیسترۆڵە.
بۆماوەیی، خورادن و خواردنەوەیی نادروست، نەبوونی جووڵە لە هۆکارە دیارەکانی بەرزبونەوەی کۆلیسترۆڵن. کاتێک پشکنین بۆ چەوری دەکەین، مەبەستمان چەوری تواوەی ناو خوێنە نەک بەز.

(د. سەعید عوسمان) دەشڵێت:” هەموو کاتێک گونجاوە بۆ پشکنینی کۆلیسترۆڵ، بەڵام بۆ تراگلیسراید پێویستە نۆ کاتژمێر پێشتر خواردن و خواردنەوە نەخورابێت.
بەرزی کۆلیسترۆڵ هیچ نیشانەیەکی نییە، تەنها ژمارەیەکی زۆر کەەمی خەڵک هەندێک پەڵە لەسەر پێستیان دروستدەبێت.
هەروەها نابێتە هۆی سەرئێشە و ئازار.
ئەوانەی چەوریان بەرزە، پێویستە یەکەم شت گۆڕانکاریی لە خواردن و خواردنەوەیاندا بکەن و جووڵەیان زیاد بکەنن ئەوانەشی کێشیان بەرزە کێشیان دابەزێنن.
خواردنی سەوزە و میوە و زەڵاتە بۆ کەمکردنەوەی کۆلیسترۆڵ بەسوودە.
هەروەها چەرەزی بێخوێ (فستق، بادەم، گوێز و ناوکەکولەکە) بۆ دابەزاندنی کۆلیسترۆڵ بەسوودن.
بەکارهێنانی حەب بۆ کۆلیسترۆڵ، پەیوەستە بە تەمەن، جگەرەکێشان، بوونی شەکرە و زەخت.
ئەوانەی بە پارێز و کۆنترۆڵ کۆلیسترۆڵیان دانابەزێت، پێویستە تا کۆتایی تەمەن حەب بخۆن.
کەسێکی گەنج گەر چەورییەکەی بەرز بێت، بەڵام کێشەی دیکەی نەبێت، پێویست ناکات حەبی چەوری بخوات.
ئەوانەی نەخۆشی شەکرەیان لەگەڵدایە، ڕەنگە بە کۆنترۆڵکردنی شەکرەکە، چەوریەکەیان داببەزێت وە ئەوانەی نەخۆشی دڵیان هەیە، پێویستە تا کۆتایی تەمەن حەبی چەوری بخۆن، ئەگەر کۆلیسترۆلیشیان بەرز نەبێت”.