دووەم ڕۆژی فێستیڤاڵی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەولێر بەڕێوەچوو

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

دوێنێ، لەدووەم ڕۆژی فێستیڤاڵی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەولێر، بە ئامادەبوونی هونەرمەندان و هاوڵاتیان، بەشی میوزیک چالاکییەکانی خۆیان ئەنجامدا و تێیدا میوزیک و گۆرانییان پێشکەشی ئامادەبووان کرد. بڕیارە ئەمڕۆ ١٥ ی مانگ لە کۆتا ڕۆژی فێستیڤاڵ لە هۆڵی فەرهاد شەریف لەناو پەیمانگا، بەشی شانۆ شانۆگەرییک نمایش بکەن

هەوراز جەلال سنجاوی سەرۆکی بەشی میوزیک، بە “ڕۆژنامەی هەولێر”ی ڕاگەیاند: گئێمە هەموو ساڵێک لەناو پەیمانگای هونەرەجوانەکان بەردەوام چالاکیمان هەبووە، کە بەشی میوزیک یەکێکە لە بەشە هەرە ئەکتیڤەکانی ناو پەیمانگای هونەرەجوانەکان، ئەمساڵ چالاکییەکانمان فراوانتر کرد، ئاشنایەتیمان بۆناو خەڵک دووبارە کردەوە ئەویش بە سازکردنی فێستیڤاڵی پەیمانگای هونەرە جوانەکان، ئەمساڵ هەوڵماندا لە بەشی میوزیک چەند شتێکی نوێکاری پێشکەش بکەین، ئەو شتانەی لە پەیمانگا لەبەشی میوزیک دەخوێندرێت، بیکەینە بەرهەمی میوزیکی و گۆرانی پێشکەشی خەڵک بکەین تاوەکو ئەو خەڵکەی دێت و گوێگرمان دەبێت و بزانێت کە خوێندن لای ئێمە چی جۆرە دەرسێکە و چەند سوودمان لە مەنهەجانە کردووە، وەکو بەرهەمی میوزیکی پێشکەشی گوێگرانمان دەکەین. جیاوازی فێستیڤاڵی ئەمساڵ لەوەدابوو کە بەرهەمەکان جۆراوجۆرن، بەرهەممان هەبوو کە کارەکان تەنیا بە دەنگی قوتابیان گوترا بەبێ هیچ ئامێرێک، بەرهەممان هەبوو هی گرووپی ئامێری عودەکان لەگەڵ گوتنی گۆرانییە ڕۆژهەڵاتییەکان، بەرهەمی ئۆرکێسترالی کلاسیکیمان هەبوو، لەگەڵ بەرهەمی کوردی، من بە بەرهەمێکی نوێ کە یەکەمجارە ئەمکارە بکرێت ئەویش تێکەڵاوکردنی حەیران لەگەڵ گۆرانی هەڵپەرکێ بوو لەگەڵ جاز میوزیک، من بیرۆکەی ئەوەم دانا کە چۆن بتوانم حەیران کە مۆرکێکی کوردیی دەشتی هەولێرە تێکەڵاوی ناو ستایلی جاز میوزیکی بکەم، هەروەها گۆرانی دەهۆڵی خۆمان تێکەڵکێشی ناو جاز میوزیکم کرد.

ھەواڵی زیاتر