بەدیلە كوردییەكانی ناشر و ئەعماق

مەشخەڵ كەوڵۆسی

رێكخراوی داعش بەوە ناسراوە كەلەبواری پروپاگەندە و دروستكردنی كاریگەری دەرونیدا، دەستێكی باڵای هەیە، ئەو ڕێكخراوە بۆ گەیاندنی پەیامەكانی و چاندنی تۆوی ترس و تۆقاندن لەدڵ و ناخی نەیارەكانیدا، بە كوالێتی زۆر بەرز كورتە فیلم و مادەی ڕیكلام بەرهەمدێنێت، جۆرێك هەركەس ئەو ڕیكلامانە ببینێت، هەست دەكات دەستێكی گەورەتر لەپشتی ئەو ڕێكخراوەیە، چونكە تەكنیكەكانی ئەو كورتە فیلمانە، زۆر باڵان و هێشتا بەشێك لەوڵاتانی ناوچەكە پێی نەگەیشتوون. لەسەرەتای كاركردنیەوە، داعش بواری شەڕی دەرونی زۆر بەلێزانانە بەكارهێناوە، بەجۆرێك مادەكانی پەخش دەكات، نەیارەكانی بتۆقن و لەبەردەمی هەڵبێن.
ئەوە پەیام و ئامانجی هەردوو دەزگای “ئەعماق و ناشر”ە كە بەم
دواییانە، وێڕای تێكشكانەكانی داعش هەر بەردەوامن لەكارەكانیان و لەچەندین سەكۆی تۆرە كۆمەڵایەتییەكان، پەلیان هاویشتووە.
پرسیاری نێو ئەم بابەتە شیكارییەی ئێمە ئەمەیە: كاتێ داعش خۆی ڕێكلام بۆخۆی دەكات و بەزیادەوە خەڵك دەتۆقێنێت، میدیای كوردی و سایت و پەیچ و كەناڵەكانی كوردستان، بۆچی دەبنە هاوكاری و یارمەتی دەدەن؟ بۆچی و لەپێناوی كام پڕنسیپی میدیایی و سیاسیدا هەواڵ و زانیاری داعش و پەلامارەكانیان دەگەیەننە هاوڵاتی و ئەوەیشی داعش دەستی پێنەگەیشتوە، ئەمان ئەركەكەی بۆ تەواو دەكەن و پەیامەكەی دەگەیەنن؟.
ئەگەر بەچاوی شارەزایەكی میدیایی سەیری بەشێك لەكەناڵە
كوردییەكان بكەین، سەیر دەكەین بە ئاگا یان بەبێ ئاگا ئەو كەناڵانە خەریكی پرۆسەی بەپاڵەوانكردنی داعشن، بەجۆرێك كە بوار ناهێڵێتەوە بۆ ئەوەی هێزەكانی دژ بەداعش لەپەراوێزدا دەربكەون.
لەماوەی پەلامارەكانی داعش و شەهیدبوونی چەندین پێشمەرگەی ئەم نیشتمانە، بەشێك لەمیدیاكانی كوردستان تەنها سەیری بەشە بەتاڵەكەی پەرداخەكەیان كرد.
من وەك میدیاكارێك كەلە ۱۹۹۲ەوە لەو بوارەدا خۆم سەرقاڵ كردووە، دەپرسم: كاتێ پەیامنێرێك، پێشمەرگەیەكی ماندووی توڕە دەدوێنێت ودەڵێت: داعش دووربینی حەراری پێیە و ئێمە پێمان نیە!.
ئەو پەیامە چۆن خزمەت بەداعش دەكات؟ چۆن ڕێنمونییان دەكات بۆ شەوی داهاتوو بێ ترس پەلاماری ڕەبیەیەكی تری پێشمەرگە بدەن؟! گەیاندنی ئەم زانیارییە مەترسیدارە بە یار و نەیار، جگە لەسودێكی بەلاش بە دوژمن، چ سودێك بە كورد و كوردستان و پێشمەرگە دەگەیەنێت؟.
باشە دوژمن كە دڵنیابوو لەو كەلێنەی لەنێو هێزەكانی
تۆدا هەیە، چۆن جەسورتر پەلامارت نادات؟. یەك پرسیاری دیكەش بۆ دەزگا ئەمنییەكانی كوردستان، باشە ئێوە چۆن ڕێگە ئەدەن ئەو جۆرە كەناڵانە بەوجۆرە پەخش بكەن؟
بەڕاستی من سەرسامم، كوردستان لەڕووی ئەمنییەوە سەركەوتووترین سیستەمە لەناوچەكەدا، بەڵام بۆچی خەیاڵتان بۆ ئەوە ناچێت ڕێگری لەو جۆرە كارانە و گواستنەوەی زانیاری بێ پەردەی ئاوا بۆ دوژمن بكەن؟.
كوا هەستیاریتان بەرانبەر مامەڵەكردن لەگەڵ نهێنییەكانی بەرگری و زانیاری هەستیار!.
لەڕووی میدیاییشەوە، تەنها دەڵێم: ئەگەر لەدیموكراسیترین
سیستەمی جیهاندا، ڕێگە بەكاركردنی میدیایەك درا كە ببێتە زمانحاڵی دوژمن، با كەناڵە كوردییەكانیش دووەم بن!
ڕاستە پەیامنێر وشیاری سیاسی و ئەمنی نیە و نازانێت، بەڵام خۆ مەفروزە بەرپرسانی كەناڵەكان بایی ئەوەندە وشیارییان هەبێت، ڕێگەنەدەن بەوەی زانیاری بۆ دوژمن بگوێزرێتەوە.
بەكورتی: زۆرێك كەناڵ و پەیچ و میدیای كوردی، گوایە هەواڵ بەبێ
لایەنانە دەگوازنەوە، خەریكە دەبنەزمانحاڵی داعش، هاوكات دەبنە بەدیل و جێگەگرەوەی “ناشر و ئەعماق و دابق” و خزمەتێكی نەزانانەی بەلاش بەداعش دەكەن، هەموو نهێنییەكانی سەنگەرەكانی بەرگرییان بەبێ ماندووبوون دەخەنە بەردەست!

ھەواڵی زیاتر