پارێزگاری دهۆک بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە سەنتەری شێخان و دەوروبەری دانا و، دەڵێت، “لە داهاتوویەکی نزیکدا ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەش رادەگەیەنین”.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 14-11-2023، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک سەردانی قەزای شێخانی کرد و، بەردی بناغەی بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سەنتەری شارەکە و دەوروبەری دانا.
پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پڕۆژەکان بە گوژمەی هەشت ملیار و 400 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێن و بریتین لە قوتابخانە، رێگەی گوندەکان، ئاو و کارەبا. گوتیشی، “بەشێکی زۆری ئەو پڕۆژانەی ئەمڕۆ بەردی بناغەمان بۆ دانان، پێشتر کاریان لەسەر کراوە، قۆناغی باشیان بڕیوە و بەم زووانە دەکەونە خزمەتی هاووڵاتییاندا”.
وەکو ئەوەی عەلی تەتەر باسی کرد، “لەسەر داوای خەڵکی قەزای شێخان، بەڵێنمان داوە لە ئاییندەیەکی نزیکدا ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری لە سەنتەری قەزاکە و دەوروبەری رابگەیەنین”. ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەمڕۆ دەچینەوە دهۆک، بەڵام بە دەستێکی پڕ دەگەڕێینەوە شێخان و ژمارەیەک پڕۆژەی نوێ لەم سنوورە رادەگەیەنین”.
دەشڵێت: “لەسەر راسپارەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ کە گرنگییەکی تایبەت دەداتە گوند و ناوچە هەژار نشینەکان، زیاتر سەرنجمان خسووەتە سەر خزمەتکردنی گوندەکان و ئەو ناوچانەی دوورەدەستن؛ بۆیە زۆرینەی ئەو پڕۆژانەی لەماوەی رابردوودا جێبەجێمان کردوون، بۆ ئەو ناوچانە بوونە”.
رۆژی 10-9-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پێویستیی دانیشتوانی سنوورەكە، رووبەڕی 2،200 مەتر زەوی بۆ دروستكردنی بنكەیەکی تەندروستی لە گوندی كیس قلعە و دەوروبەری لە سنووری قەزای شێخان تەرخان کرد.
قەزای شێخان بە دووری 49 کیلۆمەتر دەكەوێتە بەشی رۆژهەڵاتی شاری دهۆك و لە ناحیەکانی ( قەسرۆك، باعەدرێ، ئەترۆش و زیلكان) پێکدێت.
لە قەزای شێخان، كورد و عەرەب و ئایینەكانی ئیسلام، ئێزیدی و مەسیحی بە شێوەکی ئاشتییانە بەیەكەوە دەژین. ناوچەكە بە كشتوكاڵ بەناوبانگە، لەم چەند ساڵەش نەوتی لێ دۆزراوەتەوە. چەند شوێنێكی گرنگی گەشتیاری دەكەوێتە دەڤەری شێخان، وەك (مەزارگەی لالش، شوێنەوارەكانی خنس، شوێنەواری جەڕوانە، سەیرانگەكانی ئەترۆش، مەزارگەی شێخ نورەدین بریفكانی و شوێنی جەنگی گۆمگێلا).