ئەمڕۆ سێشەممە، 14-11-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری لە فێستیڤاڵی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی هەولێر كرد.
دواتر سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان گوتی: كاتی خۆی ئێمە داوای بڕە پارەی ئەو شەش مانگەی ئەمساڵمان لەبەغدا كرد ،بۆ ئەوەی بۆ خەڵكی كوردستان دابینی بكەن، بەڵام ئەوان بڕیاریاندا پارە بۆ سێ مانگ بنێرن.
هەروەها گوتی: ئێمە داوای 800 ملیارمان كرد، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر 700 ملیار دا.
گوتیشی: بۆ سێ مانگی تر ئێمە دیسانەوە قسەمان كردووە و ئەوان گوتوویانە لە مانگی 12 دەبێت تەسفییە حیسابات بكرێت بۆ ئەوەی بزانن چی ماوە دابینی بكەن. ئیتر ئێمەش چاوەڕێی ئەوان دەبین كەبەڵێنەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن.
ئاماژە بەوەشدا،حكومەتی فیدراڵی هۆكاری دواكەوتنی دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان بووە و داوامان كردووە كە ئەم كێشانە كۆتاییان پێ بێت و خەڵكی هەرێمی كوردستانیش وەكو هەموو خەڵكی تری عێراق بە مافەكانی خۆیان شادبن .