دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

غەفور مەخمووری وەک سکرتێری حزبەکە هەڵبژێردرایەوە

ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە، بە درووشمی “یەکڕیزی و یەکدەنگی و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەل و ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان” بە بەشداری زیاتر لە ٢٠٠ ئەندامی کۆنگرە، یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان دەستی بە کارەکانی کۆنگرەی شەشەمی حزبەکە کرد.

لە کۆنگرەکەدا، غەفور مەخمووری کە تاکە کاندید بوو بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سکرتێری حزبەکە، جارێکی تر بە سکرتێر هەڵبژێردرایەوە و لە لێدوانێکیشیدا سەبارەت بە کۆنگرەکەیان، ڕایگەیاند؛ لە کاتێکدا کە ئێمە کۆنگرە دەبەستین کوردستان لە ڕەوشێکی هەستیاردایە، پێویستیمان بەوەیە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هاوکار و پشتیوانی یەکتر بین، بۆ بتوانین لەو ئەگەر و پێشهاتانەی دێنە پێشەوە خۆمان بپارێزین و بە یەکدەنگی و هاوهەڵوێستی پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەین کە چارەنووسی هەموو لایەکمانی پێوە بەندە، چونکە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەخلاقی هەموو لایەنەکانی کوردستانە، لەم کاتەدا کۆنگرەی ئێمە بۆ ئەوەیە کە چۆن بەرنامەیەکی نوێ دابڕێژین، بۆ خۆ گونجاندن و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێشهاتانەی کە دێنە پێشەوە”.
لە ڕاسپاردەکانی کۆنگرەکەشیاندا، هاتووە؛ پشتیوانیکردن و پاراستن و بەهێزکردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆمان و تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەزانین.
لە خاڵێکی دیکەشدا، دەڵێن؛ پشتیوانیكردن و كاركردن بۆ بەهێزكردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و نەهێشتنی هۆكارەكانی لاوازبوونیان بەئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی دەزانین.
پاڵپشتی لە هەنگاوەکانی چاکسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و ڕایانگەیاندووە؛ پشتیوانی هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەنجامدانی چاكسازی ریشەیی و كاركردن بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی و، بەسیستماتیككردنی دەزگاو دامەزراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و یەکگرتنەوەی کردەیی دەزگاو دامەزراوەکان و نەهێشتنی شوێنەواری دوو ئیدارەیی لە کوردستان.