هەشت ساڵ لەمەوبەر دوای ئۆپەراسیۆنێکی دوو رۆژە، سەرۆک بارزانی لەسەر چیای شنگال موژدەی رزگاربوونی شنگالی لە ژێردەستی چەکدارانی داعش راگەیاند.
هەشت ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژی 13-11-2015، ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێكدا بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی شنگالی لە دەست چەكدارانی داعش رزگاركرد.
شنگال کە ناسنامەکەی کوردستانییە؛ رۆژی 3ی ئابی 2014 کەوتە بەر هێرش و پەلاماری چەکدارانی داعش و شارۆچکەکەیان داگیرکرد. چەکدارانی داعش جگە لە ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی لە شارۆچكەكە، زیاتر لە شەش هەزار و 500 هاووڵاتی سڤیل کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون رفاند.
شنگال لە دوای ساڵێک لە داگیرکردنی لەلایەن چەکدارانی داعش، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە بەشداریی حەوت هەزار و 500 پێشمەرگە و بەسەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی و پشتیوانی فڕۆکە جەنگییەكانی هاوپەیمانان، ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شنگال، لە کاتژمێر حەوتی بەرەبەیان لە چوار قۆڵەوە دەستپێکرد.
قارەمانییەتی و ئازایەتی هێزی پێشمەرگە لە کاتی رزگارکردنی شنگال بە شکۆوە لە میدیا جیهانییەکان پیشاندرا و باسکرا، شنگال بوو بە دەروازەیەک بۆ ئازادکردنی ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری شارۆچکەکە و دواتریش پارێزگای نەینەوا.
سەرۆک بارزانی، لە چیای شنگال موژدەی رزگارکردنی شارەکەی لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، “لەڕووی سەربازیی، سیاسیی و مێژووییەوە سەركەوتنێكی مەزنە بۆ گەلی كوردستان لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەكانمان”.
لەدوای حەوت ساڵ لە ئازادکردنی شنگال، بەهۆی بوونی گرووپی چەکدار لە دەرەوەی یاسا و بوونیادنەناوەی شارۆچکەکە لەلایەن حکومەتی عێراق، تاوەکو ئێستا دانیشتووانەکەی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.