لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، نرخی نەوت دابەزی و نەیتوانی درێژە بە بەرزبوونەوەکانی رۆژی هەینی بدات.
هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 35 سەنت دابەزی و بە 81 دۆلار و 8 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە هەمان ئاست و بە 35 سەنت دابەزی، یەک بەرمیلی بە 76 دۆلار و 82 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
پێشبینییەکان بۆ کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو بە هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی نەوت لەمڕۆ (دووشەممە، 13-11-2023) دادەنرێن.
رۆژی هەینی، نرخی نەوت بەرێژەی 2٪ بەرزبووەوە، دوای ئەوەی حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند پشتگیری لە بەردەوامیی کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت دەکات، کە لەلایەن هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەسەوە داواکراوە.
سەرەڕای ئەوەش، هێشتا نرخی نەوت لە ئاستی هەفتانەدا نزیکەی 4٪ـی بەهای خۆی لەدەستداوە.
هیرۆیوکی کیکوکاوا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ئێن ئێس ترەیدینگ لەو بارەیەوە رایگەیاند “بازرگانان زیاتر گرنگی بە کەمبوونەوەی خواست لەلایەن ئەمریکا و چینەوە دەدەن، هەرچەندە چاوێکیان لە پەرەسەندنەکانی نێوان ئیسرائیل و غەززەیە.”
پەیمانگەی زانیاریی وزەی ئەمریکا (EIA) رایگەیاندووە، ”ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت ئەمساڵ بەرزبووەتەوە، هەرچەندە کەمتر بووە لە چاوەڕانییەکان.”
EIA هەروەها دەڵێت، خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت، بەپێچەوانەوە کەمیکردووە.
هەفتەی رابردوو، داتا ئابوورییەکانی چین بڵاوبوونەوە، کە ئەگەری کەمبوونەوەی خواستیان بۆ نەوتی خاو لەلایەن چینەوە کەمکردووەتەوە.
سەرەڕای ئەوەش، کیکوکاوا پێیوایە ئەگەر نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا زیاتر دابەزێت بۆ 75 دۆلار، ئەو ئاستە دەبێتە هێڵێکی بەرگری بۆ نرخی نەوتی تەکساس و لەوە بەدواوە نرخی ئەو نەوتە روو لە بەرزبوونەوە دەکات.
هەفتەی رابردوو دوو بەرهەمهێنەری گەورەی نەوتی نێو هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس (رووسیا و سعودیە) رایانگەیاند، پابەندن بە کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ.