دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

هه‌فته‌ی ڕابردوو چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شی هاووڵاتیان كرا

چواس خالید – هه‌ولێر

حه‌فته‌ی ڕابردوو ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی دیكه‌ و زیادكردنی ڕێژه‌ی سه‌وزایی له‌ شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێكراوه‌ و به‌رده‌وامه‌.

یه‌كێك له‌وانه‌ زیادكردنی ڕێژه‌ی سه‌وزاییه‌ له‌ شاری هه‌ولێر و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پڕۆژه‌ی چاندنی ملیۆنێك داربه‌ڕوو له‌ سه‌ر شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری هه‌ولێر ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ و پرۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌، كه‌ ئێستا سێ سه‌د هه‌زار نه‌مامی به‌ڕوو به‌ درێژایی شه‌قامەكه‌ ‌نێژراون‌.
جیا له‌وه‌، به‌ گوژمه‌ی ملیارێك و چوار سه‌د ملیۆن دینار و له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگای دهۆك و داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی خانكێ، دوو پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری درووستكردنی شه‌قام و ئاوه‌ڕۆ له‌ ناحیه‌ی خانكێ خێبه‌جێ ده‌كرێت.
ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگای دهۆكه‌، پێكهاتووه‌ له‌ ڕۆنانی ژماره‌یه‌ك شه‌قام به‌ درێژایی هه‌زار و شه‌ش سه‌د مه‌تر و به‌ سه‌رپه‌رشتی تیمه‌كانی شاره‌وانی جێبه‌جێ ده‌كرێت.
پڕۆژه‌ی دووه‌میش له‌سه‌ر داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی خانكێ له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی دهۆك ده‌ست به‌كاره‌كانی كراوه‌، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌شیان خۆی له‌ ڕۆنانی ژماره‌یه‌ك شاقام به‌ درێژایی چوا هه‌زار مه‌تر ده‌بنینێته‌وه‌، كه‌ ژماره‌ی شه‌قامه‌كان زیادتر له‌ ٣٠ شه‌قامه‌، له‌گه‌ڵ دروستكردنی ئاوه‌ڕۆیه‌ك به‌ درێژایی پێنج سه‌د مه‌تر.
جیا له‌وانه‌، له‌ شارۆكه‌ی ئاكرێش چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری كه‌وتوونه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی دانانی كربستۆن و قیرتاوكردنی شه‌قام له‌ چه‌ند شوێنێكی شاری ئاكرێ، به‌سه‌رپه‌رشتی شاره‌وانیی ئاكرێ جێبه‌جێ ده‌كرێت.
له‌ حه‌فته‌ی ڕابردوودا هه‌ڵمه‌تێكی قیرتاوكردنه‌وه‌ی شه‌قامەكان له‌ سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو، له‌چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كانی شاره‌وانی، به‌مه‌به‌ستی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و پاراستنی شه‌قامه‌كانی شاری سلێمانی، تیمه‌كانی شاره‌وانیی سلێمانی به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌شی ئامێره‌كان و ستافی قیر و تێكه‌ڵه‌، هه‌ڵمه‌تێكیان له‌ گه‌ڕه‌كی تاسلوجه‌ به‌ڕێوه‌برد.
له‌ میانی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا ژماره‌یه‌ك كۆڵان و شه‌قام له‌ گه‌ڕه‌كی تاسڵوجه‌ نۆژه‌ن و قیرتاو كرانه‌وه‌.
له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی دهۆك، پڕۆژه‌ی دروستكردنی شه‌قام و دانانی كربستۆن له‌ گه‌ڕه‌كی ماسیكا له‌ شاری دهۆك كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و ئێستا زۆرێك له‌ كاره‌كانی ته‌واوكراوه‌ و له‌ قۆناغی كۆتاییدایه‌.
پڕۆژه‌كه‌ له‌ دروستكردنی شه‌قام و دانانی كربستۆن پێكهاتووه‌ و له‌سه‌ر داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی دهۆك جێبه‌جێ ده‌كرێت.
هه‌ر له‌ ماوه‌ی حه‌فته‌ی ڕابردوودا له‌ سه‌ر ڕێژه‌ی ١٥%ی داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر، پڕۆژه‌ی قیرتاوكردنی چه‌ند شه‌قامێك له‌ گه‌ڕه‌كی نازناز جێبه‌جێكرا.