دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

كەرتی كشتوكاڵ لە 4 ساڵی ڕابردوودا

حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە بایەخەوە سەیری كەرتی كشتوكاڵ دەكات، چونكە پێی وایە كشتوكاڵ پێویستە ببێتە سەرچاوەیەكی گرنگی داهات و بووژاندنەوە. لە بەرنامە و كارنامەی سەرۆكوەزیران كاری جددی لەسەر ئەم پرسە كراوە. لەم ڕاپۆرتەدا بە داتا و بە ژمارە ڕوون کراوەتەوە كە لە چوار ساڵی ڕابووردودا لە كەرتی كشتوكاڵ چی كراوە:

ـ دەركردنی دەیان بڕیار و یاسایا و توێژینەوە و كردنەوەی خول. بوونە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ لە ١.٥٪ بۆ سەرووی ٨٪. ئەم ڕێژەیەش كاری بۆ كراوە، ئاسان نەبوو، ئەمە بەرهەمەكەیەتی كە ئێستا لە خوارەوە زیاتر ڕوون دەكرێتەوە.

گەنم:
لە بواری گەنمدا سەرۆکوەزیران هەوڵی دا ژێرخانێك دابمەزرێنێت تا سوودی درێژخایەنی هەبێت بۆ خەڵكی كوردستان، ئەویش بڕیاری جێبەجێكردنی پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیارانی كوردستان بوو كە بە دروستكردنی چەندین سایلۆ توانای كۆگاكردن بۆ حەوت سەد و بیست و یەک هەزار تەن بەرز بكرێتەوە و بە تەواوبوونی سایلۆکانی قوشتەپە و کەلار و ڕۆڤیاش ئەم توانایە بۆ زیاد دەكات بۆ سەرووی هەشت سەد و چل و یەک هەزار تەن، بۆیە دەبینین سەرەڕای كەمی پشكی گەنمی دیاریكراوی جووتیارانی كوردستان لە لایەن عێراقەوە، كەچی ئێستا لە جاران زیاتر گەنمی جووتیارانی كوردستان وەردەگیردرێت و لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا (1،636،439) تەن گەنمی جووتیارانی كوردستان وەرگیراوە.

ژمارەی سایلۆ و پەنکەرەکانی هەرێم:
یەكەم: سایلۆكان: 11 دانە ـ توانای كۆگاكردنی هەشت سەد و چل و پێنج هەزار تەن
ـ پارێزگای هەولێر: ٢
ـ پارێزگای سلێمانی: ٤
ـ پارێزگای دهۆک: ٤
ـ ئیدارەی گەرمیان: ١

دووەم: پاركەر: 27 دانە ـ توانای كۆگاكردنی دوو سەد و سی و شەش هەزار تەن
گەنمی وەرگیراو لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان
تا 8/7/2023 2022 2021 2020 2019
447،337 322،386 125،483 389،745 351،488
هەروا بایەخێکی زۆر بە پرسی توێژینەوە و ڕێنمایی كشتوكاڵی دراوە و (657) توێژینە و (166) خوول و (3006) چالاكی و ڕێنمایی بۆ باشتركردنی بەرهەمی جووتیارانی كوردستان ساز دراوە و (15،762) تۆن بنەتۆی گەنم بەرهەم هێنراوە كە (10،405) جووتیار لێی سوودەمەند بوون.

خشتەی زیادبوونی بنەتۆ بە پێی ساڵەكان و ژمارەی جووتیارانی سوودمەند:
ساڵ بڕ (تۆن) ژ. جووتیاری سودمەند
2019 2170 1082
2020 1678 1205
2021 5393 3930
2022 6520 4188
کۆی گشتی 15762 10405

پەتاتە:
لەگەڵ گەنم، پەتاتەی كوردستانیش برەوێکی زۆری پەیدا كردووە و ئێستا پەتاتەی كوردستان وەك یەكێك لە باشترین پەتاتەكانی دنیا دەناسرێت و تەنانەت كۆمپانیاكانی خواردن لە وڵاتانی نزیكی هەرێمی كوردستان داوایان كردووە و و بڕیار وایە بەم زووانە هەناردەی دەرەوە بكرێت.
لە نێوخۆی هەرێمیش و لەم چوار ساڵەی ڕابردوو، مۆڵەت بە 6 گەورە كۆمپانیای بواری بەرهەمهێنانی فینگەر و چیپس دراوە كە توانای بەرهەمی ساڵانەیان نزیكەی حەفتا هەزار تەنە. واتە بەرهەمی پەتاتە لە ساڵی (٢٠١٩)، بیست و پێنج هەزار تەن بووە كەچی ئێستا بەرهەمی ساڵانەی پەتاتە لە سەرووی هەشتا هەزار تەنەوەیە.

سامانی ئاژەڵ:
لە چوار ساڵی (2019 تا مانگی 7ی 2023) لە بواری سامانی ئاژەڵ وەك مریشك و پەلەوەر و گۆشت و ئالیكەوە، (1870) پڕۆژە جێبەجێ كراون كە توانای هەموویان پێكڕا ملیۆنییە و ئێستا حكومەتی هەرێم شێلگیرە لەسەر دابینكردنی ئەو بەرهەمانەی كە زۆر گرنگن لای هاووڵاتیان بەتایبەت لە ڕووی تەندرووستییەوە و خواستێكی زۆریان لەسەر وەك ماسی و قارچك و زەیتوون.
بۆیە لەم چەند ساڵەی ڕابردوو، (21) پڕۆژەی نوێ لە بواری ماسی بە (391) پڕۆژە كۆنەكان زیاد كراون كە وزەی بەرهەمیان لە سەرووی یەك ملیۆن تەن ماسییەوەیە.

هەنگوین:
هەنگوینی كوردستان بەنێوبانگە و ئەمەش وای كردووە كە حكوومەتی هەرێم بایەخی زۆری پێ بدات و بڕیار وایە بەم زووانە هەنگوینی كوردستان لەگەڵ بەرهەمەكانی هەنار و سێو و ترێ هەناردەی دەرەوە بكات كە یەكێك بوو لە خەونەكانی جووتیارانی كوردستان و سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی، بەدی هێنا.
ئێمە لە كوردستان (324،700) پوورەی هەنگمان هەیە كە لە لایەن دە هەزار هەنگەوانەوە بەخێو دەكرێن و بەرهەمی ساڵانەیان (1،600،824) كیلۆگرامە.

باخداری:
لە چوارچێوەی باخداری و دارستان و پاوانیش، لەم چوار ساڵەی ڕابردوو مۆڵەت (37) مۆڵەتی نوێ دراوە و (563،567) نەمام دابەش كراوە بەسەر جووتیاران و باخداران كە كاریگەریی گەورەی لەسەر سەوزكردنی كوردستان هەبووە و بۆ پاراستنی دارستانە سروشتییەكانیش حكومەت (2،605،420) مەتر دووجا هێڵی ئاگربڕی دروست كردووە.
هەروەها لە بواری قارچك، ئێستا لە هەرێمی كوردستان 11 پڕۆژە هەن كە توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەیان (3،190) تەنە و لە زیادبوونیشدان. لە بواری بەرهەمهێنانی زەیتوون مۆڵەت دراوەتە 7 كارگە كە توانای بەرهەمی ساڵانەیان (1،098) تەنە.

خانووی پلاستیكی:
بە هۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم، خواستێكی زۆر لەسەر بەرهەمە خۆماڵییەكان لە هەر چوار وەرزی ساڵ هەیە، بۆیەشە چەند سالێكی خانووی پلاستیكی هێنراونەتە كوردستان بۆ ئەوەی بەرهەم و سەوزە و میوە وەرزییەكان هەمووكات لە نێو بازاڕەكانی كوردستان دەست بكەون.
ئێستا هەرێمی كوردستان خاوەنی (29،420) خانووی پلاستیكییە كە لەسەر ڕووبەری (13،573،975) مەتر دووجار دروست كراون و بوونەتە هۆی ڕەخساندی زیاتر لە چواردە هەزار هەلی كار.

سەوزە و میوە:
هەرێمی كوردستان خاكێكی بەپیتی هەیە، بۆیە دەبینین لە ساڵی 2019 تا كۆتایی 2022، (3،385.339) تەن سەوزە و (305،544) تەن میوەی خۆماڵی لە عەلوەكانی هەرێم فرۆشراوە، بۆیەشە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دروستكردنی عەلوەی هاوچەرخی لە پارێزگاكانی هەرێم دا كە ئێستا هەردوو عەلوەی هاوچەرخی هەولێر و سلێمانی كراونەتەوە كە ئەوەی هەولێر لە 400 شوێنی بازرگانی و 130 ساردخانە و دە هەزار خانووی شووشەیی لەخۆ گرتووە كە توانای هەڵگرتنی بیست و دوو ھەزار تۆن بەرھەمی جووتیارانی هەیە و عەلوەكەی سلێمانیش لە 63 شوێنی بازرگانی و 229 کۆگا پێك دێت. ئەوە بەدەر لە بوونی (580) كۆگای ساردەكەرەوەی دیكە لە هەرێمی كوردستان كە توانای هەڵگرتنی (74.913) تەن بەرهەمیان هەیە.

یاداشتی لێکتێگەیشتن:
حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتبەستوو بە كارنامەی سەرۆكوەزیران، گرنگییەكی زۆری بە كەرتی كشتوكاڵ داوە بۆیەشە دەستی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی واڵا كرد بۆ گرێبەستی هاوبەش لەگەڵ وڵاتان و كۆمپانیا جیهانی و نێوخۆییەكان و لەم چوار ساڵەدا 30 یادداشتی تێگەیشتنی ئیمزا كردووە لەسەر:

ـ پڕۆژەی بەبازارکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان
ـ پەرەپێدانی تواناکانی خانمان و ژنانی خاوەن کاری کشتوکاڵی
ـ راوێژکاری و پەرەپێدانی زنجیرەی بەهای خۆراکی و ئامادەکردنی (پۆلیسی پەیپەرێکی کشتوکاڵی).
ـ پالپشتی جووتیاران و خاوەن کارگەکانی بەرهەم هێنانی چپسی پەتاتە
ـ دروستكردنی دۆشاو و کرینەوەی بەروبوومی تەماتەی جووتیاران کوردستان
ـ کرینەوەی (2) دوو ملیۆن مریشک لە خاوەن پرۆژەکانی پەلەوەری لە کوردستان لە لایەن سەربرخانەی (عەقرەی عێراقی ).
ـ دروستکردنی پرۆژەی خانووی شووشەیی بۆ بەرهەمهێنانی بەروبوومی کشتوکاڵی لە هەر چوار وەرزەکانی ساڵ
ـ دانانی بارکود وستیکەر لە سەر بەرهەمی خۆماڵی( 10 ) سەربرین خانەکانی کوردستان
ـدابینکردنی ئامێر و کەلوپەلە کشتوکاڵییەکان بە قیستی درێژخایەن
ـ پرۆژەی پەرەپێدانی تواناکان بۆ توێژینەوە و رێنمایی کشتوکاڵی
ـ دروستكردنی دەیان پۆند و چوار بەنداوی ستراتیجی
ـ دابینکردنی پالپشتی قەرزی بانکی بۆ بیرۆکە و پرۆژە کشتوکاڵیەکانی جووتیاران
ـ دروستکردنی کۆمپانیایەکی هاوبەش لە بواری توێژینەوەی کشتوکاڵی
ـ وەرگرتنی وەکالەتی براندنی (ISA بۆ دابینکردنی دایکانەی هێلکەی خواردن و دابەشکردنی لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.
ـ ئامادەکردنی رەشنوسی گرێبەستی کارکردن لەگەڵ گروپێکی وەبەرهێنانی ئیماراتی بەمەبەستی ساغکردنەوەی بەرهەمی گۆشتی مریشکی کێلگە پەلەوەریەکان.

بەشێك لە هەنگاوە گرنگەکانی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێم لەم چوار ساڵەدا:
ـ بەرزبوونەوەی ڕێژەی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە (1.8%) بەرەو (8%).
ـ دامەزراندنی سەنتەری بەبازاڕکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی لە هەولێر و سلێمانی و دانانی تاقیگەی پێشكەوتوو.
ـ گەڕاندنەوەی قەرزی کشتوکاڵی جووتیارانی سودمەند بە لێخۆشبوونی (15%).
ـ کردنەوەی سێ بەڕیوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی لە (ڕاپەرین – سۆران – زاخۆ)
ـ کردنەوەی یەکەم پڕۆژەی (Food City ) هایدرۆپۆنیکی (چاندن لە ناو ئاو )بە شێوەی ماڵتی سپان بۆ بەرهەمهێنانی سەوزە و میوە لەسەر ڕووبەری (24000) مەتر زەوی
ـ دابەشکردن و ڕوواندنی پێنج سەد هەزار شەتڵی هەنار وەکو هاوکاری بۆ جووتیاران
ـ تەرخانکردنی بری 4،201،000،000 دینار لە چوارچێوەی پلانی بەردەوامی پەرەپێدان و پاراستنی رووەک و بەرەنگاربوونەوی نەخۆشیەکانی بۆ وەرزی چاندنی 2020 بۆ 2021 .
ـ کەمکردنەوەی نرخی کرێی کارەبا بۆ پڕۆژە کشتوکاڵییەکان لە 130 دینار بۆ 30 دینار بەهاوکاری وەزارەتی کارەبا
ـ بە هەمیشەییکردنی (171) پزیشکی فێترنەری لەسەر میلاکی وەزارەتی کشتوکاڵ
ـ کردنەوەی پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی سامانی ئاژەڵی (زۆم ) بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان كە هەلی كارە بۆ نزیکەی (2000) خێزان دەرەخسێنی.
ـ هەناردەکردنی (100) براندی جۆراو جۆری بەرهەمی خۆماڵیەکانی جووتیاران و خاوەن کارگە و پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان بۆ زنجیرەی مارکێتەکانی ئەوروپا
ـ ڕاگەیاندنی هەڵمەتی نیشتیمانی سەرتاسەری سەوزکردنی هەرێمی کورستان بە چاندنی یەک ملیۆن نەمام و شەتل لەڕێگەی نەمامگەکانی كوردستان.
ـ کردنەوەی پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی (AGRO TECH) بە هەماهەنگی حکومەتی ئیمارات لەسەر ڕووبەری (1000) دۆنم زەوی بۆ بایەخدان بە شێوازی کشتوکاڵکردنی تەکنەلۆژیای هایدرۆپۆنیکی كە هەلی کار بۆ نزیکەی (2500) کەس دەرەخسێنی.
ـ ئەنجامدانی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ بانكێك بە مەبەستی پاڵپشتی و دابینکردنی قەرزی کشتوکاڵی بۆ جووتیاران و خاوەن بیرۆکە و پڕۆژە جۆراو جۆرەکانی کشتوکاڵی بە دابینکردنی بڕی (15 تا 100 ملیۆن) ملیۆن دیناری عێراقی.