شێرکۆ حەبیب
هەڵبژاردنی ئەم جارەی پارێزگاکان گرنگە و تایبەتی مەندی خۆی هەیە نەخاسمەکەرکوک،بۆ ئێمەی کورد کەوا هەموو لایەنە کوردەکان بتوانن زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنن لە ئەنجوومەنی پارێزگا.
راستە لایەنە کوردییەکان لیستی جیاوازن، بەڵام دەکرێت هەماهەنگی لە نێوانیان هەبێ و لە بانگەشە دژایەتی یەکدی نەکەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەوڵەکان بۆ تەبایی و یەکریزی بێت بۆ ئەوەی بۆ هەموو لایەک ئەوە بسڵمێنن کەوا کەرکوک بەشێکی گرنگی کوردستانە و دڵی کوردستانە و زۆرینەی کوردنشینە سەرەڕای کردەوە نایاساییەکانی حکومەتەکانی عێراق هەر لەسەر دەمی پادشایەتی تا ئەمرۆ، بۆیە دەبێ هەموو هەوڵەکان بۆ دیارخستنی رووی راستەقینەی ئەو شارە کورد نشینە کاری لە پێشینەی سەرجەم کوردستانیان بێت
کەرکوک شارێکی پیرۆزە و لەیادی هەمووانە جەنابی مەلا مستەفا بارزانی نەمر سازشی لەسەر کەرکوک نەکرد ئەوەش هۆکاری نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بوو، بۆیە ئەمرۆ گرنگە خەڵکانی تێکۆشەری کەرکوک بە ویژدان و بەهەستێکی کورد و نیشتمان پەروەرانە روو لە بنکەکانی دەنگ دان بکەن هەروەک پێشەنگ بوون لە بەرگری لە کوردستان، دەبێ ویژدانی خۆیان ئاسوودە بکەن بە دەنگ دان بەو لایانەی بەرگریان لە کەرکوک کردوە دور لە ئینتمای حزبی بەڵکو ئینتما بوونی کوردستانی ئەو شارە
گرنگە کورد زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا بەدەست بێنێت بۆ سەلەماندنی کوردستانی ئەو شارە و پاڵپشتی برگەی ١٤٠ ی دەستوری هەمیشەی عێراق، بەدەست هێنانی زۆرینەی دەنگی کورد لە کەرکوک بەرپەرجدانەوەی نەیارانی کوردە بەرپەرجدانەوەی تەعریب و کارە نایاسیەکانە، بێگومان ئەمەش بە یەکریزی و تەبایی کوردە دەبێت
ئەوەی چاوەروان دەکرێت لە خەڵکی دڵسۆز و بە وەفای کەرکوک کەوا بە جۆش خرۆشێکی کوردستانی روو لە سەندوقی دەنگدان دەکەن دەنگیان بۆ ئەوەی خزمەتی شارەکەی کردون و لە نەهامەتی و رۆژانی سەخت بەرگریان لە کەرکوک کردوە هەوڵەکانیان بۆ گەرانەوەی کەرکوک بووە بۆ گەرانەوەی بۆ باوەشی کوردستانی دایک نەک موزایەدە و رادەستکردنی کەرکوک بە نەیاران
با کەرکوک ببێتە هەوێنی تەبای و برایەتی و یەکریزی نێوماڵی کورد و ببێتە پێشەنگ بۆ تەبایی و یەکریزی سەرانسەری کوردستان