تەندروستیی هەولێر رێکاری یاسایی بەرامبەر چەند کەسێک لە مەیدانی ئاژەڵان دەگرێتەبەر

 

تەندروستیی گشتیی هەولێر رایدەگەیەنێت، سەردانی مەیدانی ئاژەڵانی هەولێریان کردووە و لەوێ بۆیان دەرکەوتووە سێ چوار ئاژەڵ پێچەوانەی ڕێنماییەکانی تەندروستی سەربڕدراون، بۆیە رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگرنەبەر.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ شەممە، 11-11-2023، ‎تیمەکانی چاودێری تەندروستی و سەلامەتی خۆراک بە هەماهەنگی قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر، پۆلیسی شارەوانی و نوێنەری ڤێتەرنەری؛ سەردانی مەیدانی ئاژەڵانیان کرد بەمەبەستی پشکنین و بەدواداچوونی شوێنی ناوبراو.

سەردانەکە دوای بڵاوبوونەوەی کورتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دێت گوایە لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر، ئاژەڵی نەخۆش سەردەبڕدرێت، بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێتەوە و بەتۆن دەبردرێتە خواردنگەکان.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بۆیان دەرکەوتووە تەنها سێ چوار ئاژەڵ سەربڕدرابوون و ئامادەکرابوون بۆ فرۆشتن، “ئەمەش پێچەوانەی ڕێنماییەکانی تەندروستییە کە دەبێت ئاژەڵ تەنها لە کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر سەرببردرێت”.

جەختیش لەوە کراوەتەوە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر و، دەست بەسەر ئاژەڵە سەربڕاوەکان گیراوە و بۆ کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر نێردراون بەمەبەستی پشکنین و دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکان.

‎ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە کە تیمەکانی چاودێری تەندروستی و سەلامەتی خۆراک بەردەوام لە پشکنین و بەدواداچوونن بۆ گۆشتفرۆش، چێشتخانە و ئەو شوێنانەی کە خواردنی تێدا پێشکەش دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە کواڵێتی خواردنەکان و ڕێگریگرتن لە بڵاوبونەوەی هەر نەخۆشییەک.

ھەواڵی زیاتر