ئەمەریکا لە رێگەی دەرزییەوە چارەسەری قەڵەوی دەکات

بەرپرسانی تەندروستی ئەمەریکا رایانگەیاند، دەرمانێکی بەرەنگاربوونەوەی قەڵەوییان پەسەند کردووە کە لەلایەن گروپی “ئێلی لیلی” ئەمریکییەوە دروستکراوە.

ئەو دەرمانە لە ئەمەریکا دەفرۆشرێت و ناوی بازرگانییەکەی “Zepbound”، دەرمانەکە هەفتەی جارێک لە رێگەی دەرزییەوە بەکاردەهێنرێت، ناوی زانستی دەرمانەکە بریتییە لە”Tirzepatide”.

دەرمانی تیرزێپاتید بۆ چارەسەری نەخۆشی شەکرە پەسەند کراوە، بەڵام هەندێک لە پزیشکان بۆ دابەزاندنی کێش دەنووسن بەهۆی کاریگەرییەکانی لەم رووەوە، بەڵام ئەمە لە چوارچێوەی راسپاردەکانی فەرمیدا نییە.

بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا (FDA) لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە میانی تاقیکردنەوەیەکی گەورەدا دەرکەوتووە کە دەرمانی زیبۆند دەبێتە هۆی دابەزاندنی کێشی لەش بە شێوەیەکی بەرچاو.

جۆن شارێتس، بەڕێوەبەری بەشی قەڵەوی “ئێف دی ئەی” دەڵێت: “قەڵەوی و کێشی زیادە کێشەی تەندروستی جددین کە ڕەنگە پەیوەندییان بە هۆکارە سەرەکییەکانی مردنەوە هەبێت، وەک نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، جەڵتەی مێشک، یان شەکرە”.

ئێستا دەرمانی “زیپاوند” بۆ ئەو کەسانەی کە بەدەست قەڵەوییەکی زۆر یان کێشی زیادەوە دەناڵێنن بەکاردەهێنرێت، لە هەمان کاتدا بۆ ئەوانەش بەکار دەهێنرێت کە کێشەیەکی تەندروستییان هەیە وەک (شەکرەی جۆری دووەم، بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵی خوێن و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن) .

  ئەم دەرمانە بڕیارە لەگەڵ وەرزشکردن و خۆراکی کەم کالۆری بەکاربهێنرێت، ئاژانسە ئەمریکییەکە  هۆشداری داوە لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەو دەرمانە، لەوانە سکچوون، ڕشانەوە، قەبزی و ئازاری سک.

گروپی ئێلی لیلی ئاماژەی بەوە کردووە، نرخی ئەم بەرهەمە دیاریکراوە کە مانگانە 1060 دۆلارە، پێشبینیشی کردووە، کە چارەسەرەکە تا کۆتایی ساڵ لە وڵاتەکەدا بەردەست بێت.

ھەواڵی زیاتر