وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی بەریتانیا کۆبووەوە

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ رۆبێری جێنریک، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی بەریتانیا کۆبووەوە، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی کارکردنی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆچی نایاسایی کردەوە.

رۆژی هەینی (10ـی تشرینی دووەمی 2023) رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (توویتەری پێشوو)، پۆستێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لەگەڵ رۆبێرت جێنریک، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی بەریتانیا و تیمەکەی کۆبووەوە و لەمیانی کۆبوونەوەکەدا جەختیان لە گرنگی کارکرنی هاوبەش کردەوە لەگەڵ دۆستە نێودەوڵەتییەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆچی نایاسایی.

ئەمەش لە کاتێکدایە ئێوارەی رۆژی سێشەممە (7ـی تشرینی دووەمی 2023)، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی سەردانەکەی بۆ بەریتانیا، لە شاری لەندەن لەگەڵ تۆم توگێندهات، وەزیری ئاسایشی بەریتانیا کۆبووەوە.

بە گوێرەی پۆستێکی رێبەر ئەحمەد، کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردووەتەوە، هەردوولا جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کردووەتەوە و تاوتوێی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و رێکخراوە تاوانکارییەکان کردووە.

ھەواڵی زیاتر