یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

ماكرۆن: پێویسته‌ په‌له‌ له‌ راگه‌یاندنی ئاگربه‌ستی مرۆیی له‌ غه‌ززه‌ بكرێت


كۆنگره‌ی مرۆیی سه‌باره‌ت به‌ غه‌ززه‌ له‌ پاریس ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد و سه‌رۆكی فه‌ره‌نساش داوا ده‌كات كار بكرێت بۆ راگرتنی جه‌نگ له‌نێوان ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 9ـی تشرینی دووه‌می 2023) كۆنگره‌ی مرۆیی سه‌باره‌ت به‌ غه‌ززه‌ له‌ پاریس ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد و ئیمانوێڵ ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا له‌ گوتاری كردنه‌وه‌ی كۆنگره‌كه‌دا رایگه‌یاند، له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا پێویست كار بكه‌ن بۆ پاراستنی هاووڵاتییان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێویسته‌ په‌له‌ له‌ راگه‌یاندنی ئاگربه‌ستی مرۆیی بكرێت و ئه‌و هه‌وڵه‌ ئه‌نجامی ببێت.

سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌یدا دووپاتی له‌سه‌ر پاراستنی هاووڵاتییانی غه‌ززه‌ كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، نابێت پێوه‌ری دووسه‌ره هه‌بێت سه‌باره‌ت به‌ پاراستنی گیانی مرۆڤه‌كان، كه‌ به‌ گوته‌ی ماكرۆن ئه‌مه‌ شیاوی قبووڵكردن نییه‌.

ماكرۆن هه‌روه‌ها سه‌رله‌نوێ جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ “ئیسرائیل مافی هه‌یه‌ به‌رگری له‌ خۆی بكات و هاووڵاتییانی بپارێزێت، به‌ڵام له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌بێت رێز له‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به‌ پاراستنی هاووڵاتییانی له‌ كاتی جه‌نگدا بگرێت. هاوكات گوتی، جه‌نگ له‌ دژی تیرۆر نابێت به‌بێ بنه‌مای یاسایی به‌رده‌وام بێت.

سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا هۆشداریشی له‌ ئاڵۆزبوونه‌وه‌ی بارودۆخی غه‌ززه‌ دا و رایگه‌یاند، رۆژ له‌ دوای رۆژ ژیان له‌و كه‌رته‌ ئاڵۆزتر ده‌بێت. ماكرۆن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوای هه‌ماهه‌نگی نێوان وڵاتان و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیی و مرۆییه‌كانی كرد بۆ ئه‌وه‌ی هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو بگه‌نه‌ غه‌ززه‌، سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا فه‌ره‌نسا هاوكارییه‌كانی بۆ 100 ملیۆن یۆرۆ به‌رز ده‌كاته‌وه‌.