ئومێد سەباح، سەرۆکی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا:جەختمان لەوەکردەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا بکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەغدا لەبارەی ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە و سەرۆکی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت. گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند، ھەرێمی کوردستان بەیەک بازنەیی بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا دەکات.

ڕۆژی ٣ـی ئابی ٢٠٢٣، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا ڕۆژی ٢٥ـی شوباتی ٢٠٢٤ وەک ڕۆژی کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد و سەرجەم لایەنەکانی ڕاسپارد بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست.
ئومێد سەباح، سەرۆکی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بە فەرمی بە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراقمان گوت: پەیامی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت، بە سوپاسەوە ئەوانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا بکرێت، ھەروەھا پێمان ڕاگەیاندن وەکو حکوومەت ھەموو دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان دەخەینە خزمەت کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، بۆیە تیمێکی باڵا کە پێکھاتووە لە نوێنەری ھەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ خۆمان بردووەتە بەغدا.
گوتیشی: ئێمە متمانەمان بە ڕێکارەکانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراقە، بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەر لەکاتی دیاریکراوی خۆی بکرێت، ھەنگاوی باش نراوە خشتەیەکی باشیان داناوە، باس لە ڕێکارەکانی دیکەی کردنی ھەڵبژاردن دەکەین، ھەروەھا باسمان لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ھەڵبژاردن کرد کە ئەوەی لە ئەستۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە دابینی بکات.
ئومێد سەباح، سوپاسی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانی کرد، کە بە ئەرکی خۆیان ھەستاون، گوتی: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەموو پێداویستییەکان کە لەسەر سەرۆکایەتی ھەرێمە ئامادەیان کردووە و بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و کۆمیسیۆن لە پەیوەندیی دایە، ھەروەھا سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین کە ھەموو پێداویستییەکانی ھەڵبژاردنی دابین کردووە، ماوەتەوە وەزارەتی دارایی عێراق ئەو بڕە پارەیە دابین بکات بۆ ھەڵبژاردن پێویستە و سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر داوە.
ئەوەشی ڕاگەیاند: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوو نامەی فەرمی لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ناردووە”.
بەگوتەی ئومێد سەباح، “لە نامەی یەکەمیدا، سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی داوای لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە، ئەو حەوت سەد ملیار دینارەی بڕیاردراوە بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، لەکاتی خۆیدا بگاتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن مووچەی مووچەخۆران لەکاتی خۆیدا دابەش بکەن”. دەشڵێت: “ئومێد دەکەین ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر بدرێت”.
وەکو ئەوەی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران باسی دەکات، “نامەی دووەمی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان 15 رۆژ پێش ئێستا بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق نێردراوە و، تێیدا بۆچوونی هەرێمی کوردستان لەبارەی چۆنیەتی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە بابەتەکانی دیکە خراوەتەڕوو”.
لای خۆشیەوە، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان پێشوازی لە شاندی ھەرێمی کوردستان کرد، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان، کە بڕیارە لە ٢٥ـی شوباتی ساڵی ٢٠٢٤ بکرێت.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتیشی: کۆمیسیۆن قۆناغەکانی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی ڕوونکردەوە، کە بۆ ئەمساڵ لە دایکبووانی ٢٠٠٦، دەتوانن بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا بکەن، لەگەڵ جیاکردنەوەی دەنگەکان و چۆنیەتی کردنی ھەڵبژاردن، ھەروەھا کەمپینی ھەڵبژاردن و سیستەمی چاودێرە نێودەوڵەتییەکان، بەپێی ستاندارە نێودەوڵەتییەکان دەبێت.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاشکراشی کرد: بەپیی یاسا کۆنەکە یەک بازنەیی بۆ ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان دیاریکراوە، ھەروەھا پێنج کورسی بۆ تورکمان و پێنج کورسییش بۆ سریانی و ئاشوور و کلدانی و یەک کورسییش بۆ ئەرمەنەکان دانراوە، واتە پێکھاتەکان لەسەر ١١ کورسی پەرلەمان ململانێ دەکەن.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، باسی لەوەشکرد: ڕێژەی دەنگدەران بەشێوەیەکی گشتی نزیکەی چوار ملیۆن کەسە کە مافی دەنگدانیان ھەیە، بەڵام نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە بایۆمەتری تۆمارکراون، ئەوانەی کارتەکانیان تۆمارکراوە و نوێیان کردووەتەوە، بەمزووانە بەسەریان دابەشدەکرێت.

ھەواڵی زیاتر