خەڵکی شنگال پێشوازیی گەرم لە کاندیدانی پارتی دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەردەوامە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە ١٩٧ لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستی بە بانگەشە کردووە و کاندیدانی پارتی لە سنووری شنگال و زوممار بەردەوام بەناو خەڵکدا دەگەڕێن، بۆ ئەوەی بەرنامە و پەیامی پارتی بۆ ھەڵبژاردن بە جەماوەری ناوچەکە بگەیەنن، ھەروەھا لەو ناوچانەی لەژێر دەستەڵاتی حکوومەتی عێراقن، سەرەڕای ڕێگرییەکان کاندیدانی پارتی دەچنە نێو خەڵکەوە. ئیدریس زۆزانی، بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە شنگال، دەڵێت: ھیچ ڕێگرییەک لە شنگال و ناوچەکانی دیکە ناتوانێت ئاستەنگ بۆ کاندیدانی ئێمە دروست بکات.

یەکێک لە بنەما ھزرییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەیە پارتی باوەڕی بە فرەپێکھاتەیی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و دان بە مافی پێکھاتەکاندا دەنێت، خەبات دەکات بۆ ھێنانەکایەی کۆمەڵگەیەک، لەسەر بنەمای ھاووڵاتیبوون و یەکسانی و ڕێزگرتنی مافی ھەمووان، بێ ڕەچاوکردنی ڕەگەز و ئایین و مەزھەب و جیاوازییە فەرهەنگییەکان..
بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە شنگال، گوتیشی: ھیچ ڕێگرییەک لە شنگال و ناوچەکانی دیکە ناتوانێت ئاستەنگ بۆ کاندیدانی ئێمە دروست بکات و بەشێوەیەکی زۆر سەردەمییانە ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بەڕێوەدەبەین و ھەموو ھەوڵێک بۆ سەرخستنی کاندیدانی خۆمان دەدەین.
بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە شنگال، ئاشکراشی کرد: خەڵک بڕوای وایە پارتی دەتوانێت خزمەتیان بکات بۆیە، ھەموو پێکھاتەکانی شنگال بە ھەموو ئاین و نەتەوەکانەوە لەگەڵ ئەوەن پارتی بەھێزبێت و دەنگیشی پێ دەدەن. دەنگی خەڵکی شنگال چ ئەوانەی گەڕاونەتەوە، چ ئەوانەی لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان دەژین، بۆ کاندیدانی پارتییە، چونکە دەزانن تاکە لایەن کە بتوانێت بەرگری لە مافەکانی ئەوان بکات و کار بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال بکات و دەستی ئاوەدانی دووبارە بگاتەوە ناوچەکە، پارتی دیموکراتی کوردستانە.
ئیدریس زۆزانی، بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە شنگال، زیاتر دەڵێ: زۆر گرنگە خەڵک لەو ناوچانە دەنگ بە پارتی بدات، بەھۆی ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٣ تا ٢٠١٩ لیستی پارتی بەناوی برایەتی و پێکەوەژیان بوو ئێستە لیستی ئیرادە و برایەتییە و دەمانەوێت ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بگوازینەوە بۆ شنگال و ناوچەکانی دیکە، لەڕووی ئەمنی و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی شنگال، بۆیە گرنگە خەڵک جارێکی دیکە متمانە بە پارتی بکات بۆ ئەوەی ئەو خزمەتەی بۆیان کراوە لەڕێگەی ئێمە زیاتر بێت، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان خزمەتی ھەموو پێکھاتەکان دەکات بەبێ جیاوازی و خۆشی بە خەمخۆری ھەموو پێکھاتەکان دەزانێت، ھەر بۆیە پارتی کاندیدی لە ھەموو پێکھاتەکان ھەیە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ.

ھەواڵی زیاتر