گەڕیدە ڕووخۆشەکە

ئارام كۆشكی – سلێمانی

هێرمان هیسە لە نووسەرە دڵخوازەکانی منە، تا هەنووکە سێ لە ڕۆمانەکانیم خوێندووتەوە لەگەڵ ئەو بیروەرییانەی کە لەکاتی سەردانی ڕۆژهەڵاتدا نووسیویەتی و بەناونیشانی “سەفەرێک بۆ رۆژهەڵات”. ئەو لەو نووسەرانەیە کە ورد و تایبەت و قووڵ دەنووسێت. هێڵێک لە ئیشەکانیدا هەیە کە لای نووسەرانی دیکە نەمبینیوە، تایبەتمەندییەکە ناونانی کەمێک سەختە. بەڵام ئەوە نیشانەی ئەوەیە دەنگی تایبەتی خۆی هەیە و دەشێ هەر ئەم دەنگە تایبەتەش بێت کردبێتییە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ.

هەفتەی پێشوو نوێترین ڕۆمانی بە زمانی کوردی بەناونیشانی “کنۆڵپ” بە وەرگێڕانی: وەهاب عەبدوڵڵا و لە زنجیرە چاپکراوەکانی ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند چاپ و بڵاوکرایەوە. لەم ڕۆمانەدا خوێنەر دەتوانێت یەکێک لە سەفەرە تایبەتەکانی ژیانی لەگەڵ پاڵەوانی ڕۆمانەکەدا “کنۆڵپ”دا دەست پێ بکات. سەفەرێکی ڕۆحی و گەشتێک کە بەنێو وشەکاندا دەکرێت، بەڵام گەشتێکی هەمیشەییە و خوێنەر قەت بیری ناچێتەوە.
ئەم ڕۆمانە، یەکەمجار ساڵی ١٩١٥ چاپ کراوە، ساڵانێک بەر لە بڵاوکردنەوەی ئەم ڕۆمانە، ڕۆمانی  ”دیمیان”، دیارترین کاری هێرمان هێسە بووە. بەڵام بڵاوبوونەوەی کنۆڵپ خوێنەرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و ئیدی لەوێوە قۆناغێکی دیکە لە ئەزموونی ڕۆماننووسی ئەم نووسەرە دەست پێ دەکات.
کنوڵپ گەڕیدەیەکی ڕووخۆشە، لە شارۆچکەیەکەوە بۆ شارۆچکەیەک سەفەر دەکات و ڕێگاکان دەبڕێت و لای هاوڕێ و و دۆستانی دەمێنێتەوە، بەڵام دونیایەکی تایبەت بە خۆی هەیە، کە دونیایەکە خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەیدا دەیدۆزێتەوە، لەو گەشتانەدا ئەو هاوڕێ و دۆستانە دەبنە داڵدەدەری و خواردنی پێ دەدەن. ئەو نایەوێت خۆی بە پیشە و جێگا و کەسێکی دیاریکراوەوە ببەستێتەوە، تەنانەت ئەو هاوەڵەش بەجێدەهێڵێت، کە هاوینێک پێکەوە گەشت دەکەن، واتە کنۆڵپ دژی مانەوە و چەقبەستنە لە شوێن و جێگەیەکدا و دژی ئەوەشە مرۆڤ بە ئیشێکی دیاریکراوەوە گیرۆدە بێت، چونکە ئەو خاوەنی رۆحێکی نەسرەوتە مرۆڤێکی گەڕیدەیە، بەڵام گەڕیدەیەکی ڕووخۆش و پڕ سەفایە.
خاڵێکی گرنگ کە بەشێک لە نووسەران و ڕەخنەگرانی هیسە لەسەری کۆکن ئەوەیە کە خودی هیسە ئامادەییەکی زۆری لە بەرهەمەکانیدا هەیە و هەربۆیە بۆ ڕۆمانی کنۆڵپیش وای بۆ دەچن ئەم کاراکتەرەش لەبەرگیراوەی بەشێک لە ژیانی خودی هێرمان هێسە خۆی بێت.
دونیاکەی کنوڵپ نەشئەبەخش و هێمن و زۆر تایبەتە. لەگەڵ ئەوەشدا لەژێر ڕووکەشی “ئەم سێ چیرۆکەی ژیانی کنوڵپ”دا ئاگایی هونەرمەندێک خۆی حەشارداوە، کە گومانی هەیە ئازادییەکەی بەهایەکی هەبێت و تەنانەت دەگاتە ئەو ئاستەش کە بە بژاردەیەکی نائەخلاقیی بزانێت. لە ساتەوەختی سەرەمەرگدا و لەنێو بەفر و کڕێوەیەکدا، کنوڵپ لەگەڵ خودادا دەکەوێتە گفتوگۆوە و سەرزەنشتی خۆی دەکات لە هەمبەر ئەو ژیانەدا کە بەفیڕۆی داوە. لێ گەڕیدەکە ئاگادار دەکرێتەوە، کە تاکە مەبەستێک لەو ژیانە بێ سرەوتەی ئەو، ئەوە بووە دواجار کەسانی ئاسایی لێی بڕوانن و “کەمێک غوربەتی ئازادی بکەن”.
یەکێک لە سیما هەرە دیارەکانی بەرهەمەکانی هێرمان هیسە ئەو هێڵە عیرفانییەیە، کە لە زۆرێک لە بەرهەمەکانیدا دووبارە دەبێتەوە و لەم بەرهەمەشدا هەرچەندە هێڵەکە کاڵە، بەڵام هەستی پێ دەکرێت. ئەمەش ئەو خاڵەیە کە بەرهەمەکانی هیسە لە بەرهەمی نووسەرانی دیکەی ئەوروپی جیا دەکاتەوە.

ھەواڵی زیاتر