سەگڤان هالۆ
سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هەروا بە ئاسانی دەستەبەر نەبووە، بەڵکو لە ئەنجامی شەونخونی و ماندووبوونێکی زۆری دەزگا و دامەزراوە ئەمنییەکان و سیاسەتی حەکیمانە هاتووەتە دی، کە توانیویەتی هەم لە ڕووی ئەمنی و هەم لە ڕووی سیاسی و دیبلۆماسی هێمنی و ئارامی بۆ هەرێمی کوردستان بێنێتە ئاراوە. هەبوونی سەقامگیری سیاسی و ئاشتیی کومەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان کە بە ناوچەیەكی جیاواز لە عیڕاق ناسراوە، وای کردووە نەیارانی هەرێمی کوردستان چاویان بەو ڕەوشە جێگیرەی هەرێم هەڵنەیێت و بەردەوام هەوڵی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمەکەمان بدەن و ئەو سەقامگیریە بشێوێنن.
حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بە شێوەیەكی نەخشە بۆ داڕێژراو هەموو میکانیزمێکیان گرتووەتە بەر لە ڕووی سیاسی و دیبلۆماسی، سەربازی، دارایی وئابوری، تا ئەمنی، بۆ گەمارۆدانی كوردستان تا بتوانن پێگەی سیاسی هەرێم لاواز بکەن.
ئەم هەموو گوشارانەی کە دەخرێنە سەر هەرێمی کوردستان ئامانجی یەکەم و کۆتاییان، شکست پێهێنانە بە ئەزموونی هەرێم و هەوڵدان بۆ ئەوەی کە شتێک نەهێڵن بە ناوی قەوارەی فیدراڵی کوردستان؛ ئەوەی کە ئەمڕۆش لە نێو گۆڕەپانی پڕۆسەی سیاسی عێراقدا دەگوزەرێت شتێکی نامو نییە، چونكە نەبوونی ئەقڵێکی سیاسی، دیموکراسی بووەتە هۆی ئەوەی زاڵ بێت بە سەر نوخبەی سیاسی ئەم وڵاتەدا دەتوانم بڵێم یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکان و ئاماژەیە بۆ بیرکردنەوەی تاکڕەوانە و دوور لە بنەماکانی دەستوری هەمیشەیی و ڕێککەوتنە سیاسیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.
لە کوتاییدا زەرورە بڵێیین ئەوەی کە بووبێتە هۆکاری ڕاگرتنی هاوسەنگیی ئەو سیاسەت و دیبلۆماسییە حەکیمانەی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە لە چارە کردنی گرفت و قەیرانەکاندا لە پێناو پاراستنی قەوارەی فدیراڵی هەرێمدا خوی بە خاوەنی گەل و وڵات وهەموو ئەو ئازار و مەینەتیانەی کە لە نەیارانی کوردستانەوە لە سەر ئاستی نێوخۆ و دەرەوەدا ڕووبەڕووی کوردستان دەبنەوە، دەزانێت. بویەش سەرۆكی حكوومەت ئەندازیاری ئەم قۆناغە تێپەڕاندنی قەیرانە یەک لە دوا یەکەکانە و سەرسەختانە ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی و تەحەداكان دەبێتەوە.