دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

مەسرور بارزانی دوو نامە لەبارەی مووچە بۆ سوودانی دەنێرێت

ئومێد سەباح رایدەگەیەنێت، بەمەبەستی هەموارکردنەوەی یاسای گشتیی بودجەی فیدراڵی و رەوانەکردنی 700 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دوو نامەی بۆ سوودانی ناردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 08-11-2023، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا، رایگەیاند، “مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو نامەی فەرمی لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ناردووە”.

بەگوتەی ئومێد سەباح، “لە نامەی یەکەمیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی داوای لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە، ئەو 700 ملیار دینارەی بڕیاردراوە بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، لەکاتی خۆیدا بگاتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن مووچەی مووچەخۆران لەکاتی خۆیدا دابەش بکەن”. دەشڵێت: “ئومێد دەکەین ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر بدرێت”.

وەکو ئەوەی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران باسی دەکات، “نامەی دووەمی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان 15 رۆژ پێش ئێستا  بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق نێردراوە و، تێیدا بۆچوونی هەرێمی کوردستان لەبارەی چۆنیەتی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە بابەتەکانی دیکە خراوەتەڕوو”.

رۆژی 7ى ئابى 2023، رێنماییەکانی جێبەجێکردنى یاسای بودجەى گشتیى فیدراڵی بۆ ساڵانى ئابووری 2023، 2024 و 2025 لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکرایەوە و یاساکە بە تەواوى کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە. خەرجییەکانی بودجەی گشتیی عێراق بە 199 تریلیۆن و 22 ملیار و 111 ملیۆن و 663 هەزار دینار خەمڵێندراوە، خەرجیی وەبەرهێنان 49 تریلیۆن و 462 ملیار و 151 ملیۆن و 754 هەزار دینارە.

بەیانی رۆژی دووشەممە، 06-11-2023، کۆتا گوژمەی 700 ملیار دینارەکە، کە بڕەکەی 250 ملیار دینار بوو، لە ڕێگەی بانکی بازرگانی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە، 02-11-2023، بڕی 450 ملیار دینار لەلایەن هەردوو بانکی رەشید و رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. هەمان رۆژ وەزارەتی دارایی و ئابووری خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەر و  مووچەخۆرانی بڵاوکردەوە.