شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

مه‌سرور بارزانی: خێزانی میتران هەڵوێستە مێژووییەکانیان لە یادی گەلی کوردستان بە زیندوویی دەمێنێتەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە (7ی دیسەمبەری 2021) پێشوازی لە “جیلبێرت میتران”، کوڕی دۆستی دێرینی گەلی کوردستان خاتوو “دانیێل میتران” و سەرۆکی دامەزراوەی (دانیێل میتران-فرانس لیبرتێ) کرد.

لە دیدارەکەدا کە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق “ئێریک شۆڤالیێ” ئامادەی بوو، سەرۆکی حکومەت بەڕێز و پێزانینەوە باسی لە هەڵوێستی دۆستانە و پشتیوانیی خاتوو دانیێل میتران و فرانسوا میترانی کرد، کە لە رۆژانی سەختدا پشتیوانیان لە گەلی کوردستان کردووە، بۆیە هەمیشە کردەوە و هەڵوێستە مێژووییەکانیان لە یادی گەلی کوردستان بە زیندوویی دەمێننەوە.  

سەرۆکی دامەزراوەی (دانیێل میتران-فرانس لیبرتێ)، ئاماژەی بەوەدا کە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان و سەرکەوتنی حکومەتی هەرێم، جێی هیوا و ئومێدە، ئامادەیی خۆیشی بۆ پشتیوانکردنی هەرێمی کوردستان لە نێوەندە دیپلوماسییەکانی جیهاندا دووپات کردەوە.