چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

مەسرور بارزانی: ساڵانە 70 ملیار دینار بۆ چارەسەری شێرپەنجە خەرج دەکرێت

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژە بەوە دەدات، حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە 70 ملیار دینار بۆ چارەسەری شێرپەنجە خەرج دەکات. دەشڵێت: داوا لە حکومەتی عێراق دەکەم لە دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیکشی هاوکارمان بێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 06-11-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی سەنتەری چارەسەری شێرپەنجە بە تیشک لە دهۆک دانا و دواتر گوتارێکی پێشکەشکرد. 

مەسرور بارزانی گوتی: “ئەمڕۆ نەخۆشی شێرپەنجە لە جیهان ئاریشەیەکی گەورەیە، سەرەڕای پێشکەوتن لە بواری تەندروستی، بەداخەوە هەموو ساڵ ئەگەر و فاکتەری جیاواز و گۆڕانکاری ژینگەیی و شێوازی ژیان و خواردن، هەروەها زوو دەستنیشان نەکردنی حاڵەتەکانی نەخۆشی شێرپەنجە ملیۆنان کەس گیان لەدەستدەدەن”.

ئاماژەی بەوەش کرد، مەبەست لە کردنەوەی سەنتەرەکە بۆ ئەوەیە کە “هاووڵاتییانی خۆشەویست لە سنووری پارێزگای دهۆک پێویستیان بەوە نەبێت نەخۆشەکانیان ببەن بۆ دەرەوەی وڵات یان شارەکانی دیکەی کوردستان”.

سەرۆکوەزیران ئەوەشی خستەڕوو: “لە هەرێمی کوردستان چەندین نەخۆشخانە و سەنتەری شێرپەنجە هەن، کە مانگانە بە هەزاران کەس بۆ چارەسەر سەردانیان دەکەن. زۆر لە دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراقیش سەردانی ئەو نەخۆشخانە و سەنتەرانە دەکەن”.

روونیشیکردەوە، “لە هەرێمی کوردستان ئێمە یاسایەکی تایبەتمان هەیە بۆ سندووقی هاوکاری تووشبووانی شێرپەنجە، لە رێگەی ئەو سندووقەوە ساڵانە 70 ملیار دینار بۆ دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانی شێرپەنجە دابین دەکرێت”. 

دەقی گوتارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:

بەناوی خودای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی رێزدار

رۆژباش 

من ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵم کە بەردی بناغە بۆ ئەم سەنتەرە گرنگە لە شاری دهۆک دادەنێین، کە یەکەمین سەنتەری چارەسەری شێرپەنجەیە لە شاری دهۆک، یەکەمجارە ئەو خزمەتگوزارییە لێرە دابین دەکرێت ئەویش چارەسەرکردنی شێرپەنجەیە بە تیشک، کە پێی دەگوترێت LINAC Radiotherapy، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی خۆشەویست لە سنووری پارێزگای دهۆک پێویستیان بەوە نەبێت نەخۆشەکانیان ببەن بۆ دەرەوەی وڵات یان شارەکانی دیکەی کوردستان.

هیوادارم ئەو پڕۆژەیە لە وادەی دیاریکراو و بە کواڵێتی باش و ئاستێکی بەرز تەواو بکرێت، جێی خۆیەتی سوپاسی کۆمپانیای جێبەجێکار بکەم جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە کە ئەرکێکی پیرۆزە، ئومێد دەکەم سوودی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان هەبێت.

ئەمڕۆ نەخۆشی شێرپەنجە لە جیهان ئاریشەیەکی گەورەیە، سەرەڕای پێشکەوتن لە بواری تەندروستی، بەداخەوە هەموو ساڵ ئەگەر و فاکتەری جیاواز و گۆڕانکاری ژینگەیی و شێوازی ژیان و خواردن، هەروەها زوو دەستنیشان نەکردنی حاڵەتەکانی نەخۆشی شێرپەنجە ملیۆنان کەس گیان لەدەستدەدەن.

لە هەرێمی کوردستان چەندین نەخۆشخانە و سەنتەری شێرپەنجە هەن، کە مانگانە بە هەزاران کەس بۆ چارەسەر سەردانیان دەکەن. زۆر لە دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراقیش سەردانی ئەو نەخۆشخانە و سەنتەرانە دەکەن. بێگومان چارەسەری تایبەت بە شێرپەنجە خەرجی زۆرە، بۆیە لە وڵاتانی پێشکەوتووشدا زۆر دام ودەزگا و رێکخراوی خێرخوازی و کەسایەتی هاریکاری و پشتیوانی مادیی سەنتەرەکانی چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە دەکەن.

لە هەرێمی کوردستان ئێمە یاسایەکی تایبەتمان هەیە بۆ سندووقی هاوکاری تووشبووانی شێرپەنجە، لە رێگەی ئەو سندووقەوە ساڵانە 70 ملیار دینار بۆ دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانی شێرپەنجە دابین دەکرێت.