کارەبای ئامێدی کرایە سیستەمی پریپەید

یەکێک لە پلانەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی بەکاربردنی وزەی کارەبا و ڕێکخستنی ئەو کەرتە ئەوەیە سیستمی پێدانی کارەبا بۆ پریپەید بگۆڕێت. سیستەمێک، کە لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو کاری پێ دەکرێت و دەبێتە هۆی گێڕانەوەی وزە و دروستکردنی فەرهەنگی بەکاربردنی کارەبا، سیستەمەکە لە کوردستان لە ژێر تاقیکردنەوەدایە و لە دوای سیتییەکان بۆ یەکەم جار لە ئامێدی تاقی دەکرێتەوە.

سیستەمی پریپەید بە واتای کڕینی کارەبا بە باڵانس و هاوشێوەی کارتی مۆبایل یان هەر کارتێکی ترە و لە کاتی تەواوبوونی باڵانسەکە کارەباکەش دەپچڕێت و خاوەن ماڵ بە وردی دەتوانێت چاودێریی بەکاربردن و خەرجییەکانی کارەبای بکات و ڕێ لە زێدەخەرجی بگرێت. بەم سیستمە بەکاربەر دەتوانێت تەنانەت بە کوژاندنەوەی گڵۆپێکی زیادەش لە خەرجییەکانی کەم بکاتەوە و بەگوێرەی پێداویستییەکانی سوود لە خزمەتگوزارییەکە وەربگرێت.
ئەوەی وایکردووە لە هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک کارەبا بەشی پێداویستییەکان نەکات پێوەندی نییە بەوەی نەتوانرابێت کارەبای پێویست بەرهەم بهێنرێت، بەڵکوو پێوەندە بەوە کە نەتوانراوە ئەو کارەبایەی بەرهەم دەهێنرێت بە باشی و بە هاوسەنگیی خەرج بکرێت و ڕێ لە بەفیڕۆدانی بگیرێت. تا زێدەڕۆیی، بەکاربردنی کارەبا زیاتر بێت ئەوا پێویستی بە بەرهەمهێنانی زیاتر دەبێت و لەو کاتەشدا کە بەرهەم دیاریکراو بێت ئەوا هیچ چارەیەک جگە لە پچڕانی کارەبا نامێنێتەوە و دەبێت سوود لە سەرچاوەی تری وزە وەک مووەلیدە ئەهلییەکان وەرگیرێت و ئەو دۆخەی کوردستان هەر بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر ئەو سیستەمەی لە سیتی و کۆمەڵگە نوێیەکانی نیشتەجێبوون تاقی کردووەتەوە و تا ڕادەیەکی باش سەرکەوتنی بەدەست هێناوە هەر چەندە ئەوەی بووەتە مایەی گلەیی خەڵک گرانیی نرخەکان بووە و لەم دواییانەدا بڕیارێک لە قازانجی ئەو خەڵکە دراوە کە بە یەکجاری لە مۆلیدەکان رزگارییان بووە و نرخەکانیش لەسەریان کەم دەکرێتەوە.
سەبارەت بە گەڕەکەکانی تر و شار و شارۆچکەکانی کوردستان بۆ یەکەم جار ئەو سیستەمە لە ئامێدی تاقی کراوەتەوە و وەک ڕۆژی یەکشەممە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە سیستەمی کارەبای ئامێدی کراوەتە پریپەید و ٢٤ سەعات کارەبایان بۆ دابین دەکرێت. نرخەکە بە هەمان نرخی جاران و حکوومییە و ئەگەر دەستی پێوە بگرن ئەوا خەرجییەکانی کارەبایان کەمتر دەبێت و خزمەتگوزارییەکەشیان زیاتر دەبێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر هەنگاوێکی نا کە توانی بەشێکی زۆر لە کارەبای زێدەڕۆ بۆ تۆڕی گشتیی کارەبا بگەڕێنێتەوە و بە دانانی پێوەری زیرەک کۆنترۆڵی زیاتری هێڵەکانی دابەشکردنی کارەبا بکات. سیستمی پریپەیدیش لە قۆناغی تاقیکردنەوەدایە و ئەگەری زۆرە سەرکەوێت و بەم پلانە سوودی زیاتر بەو کەرتەی هەرێمی کوردستان بگات، ئەمە جگە لە کوژاندنەوەی مۆلیدەکان و پاراستنی ژینگە و گەڕانەوەی خەرجییەکان.
نرخی کارەبا لەو سیستەمەی پریپەیدی ئاکرێ لە سەر خەڵک گران نەکراوە بەڵکوو بە هەمان نرخی جاران کارەبا بە خەڵک دەدرێت و جیاوازییەکە تەنیا ئەوەیە سیستەمەکە پریپەیدە و لە جیاتی کەڵەکەبوونی قەرزی کارەبا، بەکاربەر بە کارت کارەباکە دابین دەکات و کرێی مۆلیدەشی لەکۆڵ دەبێتەوە. ئەوەی زۆرخەرج بکات دەبێت پارەی زیاتر بدات و ئەوەی کەم خەرج دەکات پارەی کەمتر دەدات.
لە سیستەمی ئێستای خەرجییەکانی کارەبا بە سەدان ملیارد دینار لە پارەی کارەبای حکوومەت لای خەڵکە کە خەڵکێکی کەم ئامادەن مانگانە کرێی کارەبا بدەن و زۆر جار ئەو قەرزە بە چەندان ساڵ کەڵەکە دەبێت و لە کاتی فرۆشتنی خانوو کرێکەی بە حکوومەت دەدات و ئەمەش وا دەکات زۆر گوێی لە خەرجیی کارەبا نەبێت و بە لێشاو بەکاری بێنێت کە دواجار پچڕانی کارەبا و کەمبوونەوەی سەعاتەکانی دابینکردنی کارەبای لێ دەکەوێتەوە.

ھەواڵی زیاتر