چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پلانی حکوومەت ئەوەیە کشتوکاڵ ببێتە سەرچاوەیەکی بەهێزی ئابوری

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دوێنێ شەممە، نۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە جووتیاران و گەشتیاران، دوای سێ ڕۆژ لە چالاکییەکانی کۆتایی بە کارەکانی هێنا. فێستیڤاڵێک کە گەرم و گوڕتر لە ساڵانی ڕابردوو بەڕێوەچوو و دەکرێ ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە بکرێن بە هەوێنی گەشەپێدانی زیاتری کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و فێستیڤاڵی هاوشێوە لە سەرجەم ناوچە و شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بکرێنەوە و ئابووری پشتئەستوور بە کشتوکاڵیان پێ پەرە بدرێت.

لە فێستیڤاڵی ئەمساڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە، لە نزیکەی هەشت سەد کەپردا جووتیاران بەرهەمەکانیان بە شێوەیەکی زۆر جوان و ڕازاوە خستە ڕوو و جگە لە هەنار کۆمەڵێک بەرهەمی تری کشتوکاڵی و فەرهەنگی و تەنانەت خۆراکە کوردەوارییەکانیان لە پارک و شاری یاریی هەڵەبجە نمایش کرد.
لە دوو ڕۆژی یەکەمدا دوو سەد هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کرد و چاوەڕوان دەکرێ ژمارەی کۆتایی سەردانکەرانی فێستیڤاڵەکە بگاتە سێ سەد هەزار کەس لە کاتێکدا هی ساڵی ڕابردوو نزیکەی دووسەد هەزار کەس بوو.
نیوەی فێستیڤالەکە تەرخان کرابوو بۆ خستنەڕووی جۆرە جیاوازەکانی هەنار و نیوەکەی تریش بۆ بەرهەمەکانی تری پایزەی وەک گوێز و سرکە و توو و هەنگوین، دۆشاو، ترێ، مێوژ و چەندان بەرهەمی تری کشتوکاڵی و دەستی.
جێی باسە هەڵەبجە بە هەنارەکەی بەناوبانگە و نۆ هەزار دۆنم باخی هەناری هەیە و جگە لە بەرزیی کوالێتییەکەی لە ڕووی چەندایەتیش بەرهەمەکە زیادی کردووە و هەناردەی سەرجەم پارێزگاکانی کوردستان دەکرێ و هاوشێوە ساڵی ڕابردوو بڕیارە هەناردەی دەرەوەش بکرێت.
بوونی ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە ڕاستەوخۆ و زۆر بە خێرایی یارمەتیی جووتیاران دەدات بەرهەمەکانیان بە نرخێکی گونجاو ساغ بکەنەوە و کڕیاران و تەنانەت هەندێک کۆمپانیای بازرگانیی خۆراک بە بەرهەمەکانیان ئاشنا بکەن. خەڵک لەم سێ ڕۆژەدا لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستانەوە بگرە تا پارچەکانی تری کوردستان و پارێزگاکانی عێراق سەردانی ئەم فێستیڤاڵەیان کرد.
یەکێک لە پلانە هەرە سەرەکییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخدانە بە کەرتی کشتوکاڵ و ئاسانکاری بۆ جووتیاران و بەرزکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵییە و ئامانجەکە ئەوەیە هەرێمی کوردستان ئابوورییەکی پشتئەستوور بە کشتوکاڵی هەبێت کە پڕبایەخترە لە کەرتەکانی تر و بە بناغەی پێشکەوتنی ئابووری و گەرەنتیکردنی ئاسایشی خۆراک هەژمار دەکرێت.
فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە جێی گرتووە و ساڵ بە ساڵ گەرمتر بەڕێوە دەچێت و هۆکار بووە لەوەی جووتیارانی سنوورەکە زۆر باشتر لە ساڵانی ڕابردوو پەرە بە باخداری و کشتوکاڵ بدەن.
ئەگەر هەڵەبجە بە هەنار بە ناوبانگ بێت ئەوا شارەکانی تری کوردستانیش هەر کامێک بە بەرهەمێک بەناوبانگن و دەکرێ فێستیڤاڵی هاوشێوە بۆ سەرجەم بەرهەمەکان بکرێتەوە، بۆ نموونە دەکرێ فێستیڤاڵ بۆ هەنجیر و برنجی ئاکرێ و سێوی ناوچەی بەرواری و ترێی خۆشناوەتی و بێگەڵاس و گوێزی هەورامان و زەیتوونی هەولێر و دەیان بەرهەمی تر بکرێت.
مانگی ئەیلوولی ڕابردووش شازدەهەمین فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین لە دهۆک بەڕێوە چوو کە دەیان جووتیار و هەنگەوان بەشدارییان تێدا کرد و هەرچەندە فێستیڤاڵەکە هێندەی ئەوەی هەڵەبجە گەورە نەبوو بەڵام دەکرێ گەورەتر بکرێن و تەنانەت سەرجەم ئەو فێستیڤاڵانە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بکرێنەوە و گەرم و گوڕی بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان ببەخشن و بازاڕێکی خۆش بۆ جووتیاران دابین بکەن.
هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆر لە بەرهەمەکانی لە دەرەوەی وڵات هاوردە کردووە و ماوەی چەند ساڵێکە بەرهەمە ناوخۆییەکان زیادیان کردووە و خەڵکیش بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان زیاتر بەدوای بەرهەمی ناوخۆییدا دەگەڕێن و ئامادەن بە نرخێکی زۆر گرانتر دابینی بکەن.