شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

گوتەبێژی حکومەت: 300 هەزار خێزان نەوتیان وەرگرتووە

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە رۆژی 05-10-2023 تاوەکو ئێستا، نەوتی سپی بەسەر 300 هەزار خێزان دابەشکراوە. دەشڵێت، “ئەگەر حکومەتی عێراق، بەشی هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی بنێرێت، پرۆسەکە لە ئێستا خێراتر دەبێت”.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-11-2023، پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڕی نەوتی سپیی دابەشکراو لە ناوچە شاخاوییەکان ئاشکراکرد و رایگەیاند، “تا ئێستا 300 هەزار خێزان بەرەو سەرەوە نەوتییان پێگەیشتووە و هەر خێزانێک بڕی 200 لیتری پێدراوە”.

پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتیی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان؛ رۆژی پێنجشەممە، 05-10-2023 لە ناوچە شاخەوانییەکان دەستیپێکردووە. وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەی پێشەوا هەورامیدا هاتووە: “تا ئێستا  لە سنووری سلێمانی، 120 هەزار بەرمیل، هەولێر 105 و لە سنووری پارێزگای دهۆکیش 80 هەزار بەرمیل نەوت دابەشکراون”.  

گوتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەش کردووە، “حکومەتی عێراق ساڵانە بڕی پەنجا ملیۆن لیتر نەوتی سپی وەک بەشی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بەڵام ساڵی پار تەنها بڕی 28 ملیۆن لیتری ناردووە. بۆ ئەمساڵیش لە رۆژی 15-11-2023، دەست بە دابەشکردن دەکەن و ئەگەر بەشی هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی بگات، پرۆسەکە لە ئێستا خێراتر دەبێت”.

بە گوتەی پێشەوا هەورامی، “لە مانگی 9ی ئەمساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پلانی وابوو پێش هاتنی وەرزی سەرماوسۆڵە؛ نەوت بەتەواوی لە ناوچە شاخاوییەکان دابەش بکات و دواتریش بگاتە سەنتەری شارەکان” .