ڕۆژی ھەینی لە کۆشکی ئێلیزێ لە پاریس، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کرد و زۆر بابەتی گرنگ خرانە بەرباس. سەرۆکی فەرەنسا پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و خۆشحاڵی و پشتگیریی خۆشی بۆ بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا و گفتوگۆ و ھەوڵەکان بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوانیان دەربڕی. بەگوتەی چاودێرانی سیاسی، فەرەنسا گرنگییەکی زۆر بە ھەرێمی کوردستان دەدات، بەتایبەتی لە بواری ئەمنی، ئابووریی و پرسی پێکەوەژیان، ھەروەھا فەرەنسا ھەرێمی کوردستان بە یاریکەرێکی گرنگ دەبینێت لە ھاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەدا.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و ماکرۆن لەبارەی پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکان و گفتوگۆی ھەولێر – بەغدا بۆ چارەکردنی کێشەکانیان، دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووری عێراق و دوایین پێشھات و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە گفتوگۆیان کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرەنسا، وەکو لە ڕاگەیێندراوەکەدا ھاتووە، ھاوڕابوون کە پێویستە لە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکەدا، ئارامی و سەقامگیریی عێراق بپارێزرێت و لێکگەیشتن و گفتوگۆی چارەکردنی کێشەکانی ھەولێر – بەغدا بەردەوام بێت.
لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، خۆشحاڵ بووم بە دیداری ھاوڕێی ئازیزم سەرۆک ماکرۆن لە پاریس.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، دەشڵێت: برەودان بە پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرەنسا و دوایین پێشھاتەکانی عێراق و ناوچەکەمان لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا تاوتوێکرد.
نێجیرڤان بارزانی، ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرەنسا قووڵ و مێژویین و بەڵگەی پابەندیی ھاوبەشمانن بە ئاشتی و سەقامگیری و پێشکەوتنەوە.
سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا دەبێتە دووەم سەردانی بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان بۆ پاریس لە ماوەی ئەمساڵدا. ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ١٦ـی شوباتی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆشکی ئێلیزێ لە پاریس، لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا کۆبووەوە.
ھەرێمی کوردستان خاوەنی پێگەیەکی بەھێزە و وڵاتانی جیھان لە ئاستی باڵادا سەردانی دەکەن و پەیوەندییان لەگەڵ ھەرێم ھەیە، پێگەی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکە، کە نەک بۆ عێراق بە تەنیا، بەڵکو بۆ ناوچەکەش گرنگیی خۆی ھەیە، سەرھەڵدانەوەی جموجۆڵە دیبلۆماسییەکان لەسەر ئاستی باڵای وڵاتانی دیکە و سەردانی گەورە بەرپرسان بۆ ھەرێم، دەرخەری گرنگی ستراتیژ و پێگەی ھەرێمی کوردستانە.
حکوومەت و گەلی فەرەنسا پەیوەندییەکی دێرینیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە و ھەمیشە لە قۆناغە جیاکاندا پشتگیری و پشتیوانی بەردەوامی خۆیان بۆ گەلی کوردستان دووپاتکردووەتەوە، لە چەندین قۆناغی مێژوویی پشت و پەنای کورد بووە، ھەر لە سەرەتای شۆڕشەکانەوە تا دەگاتە کۆڕە و دواتر شەڕی داعش و کێشەکانی ئێستەی نێوان ھەولێر بەغدا.
فەرەنسا بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی یەکێتی ئەوروپا دادەنرێت و ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، فەرەنسا وەک وڵاتێکی خاوەن پێگەی سیاسی و دیپلۆماسی لە جیھاندا گرنگییەکی گەورەی ھەیە و ھەمیشە لەگەڵ کورد خاوەن ھەڵوێست بووە، پشتیوانییەکانی فەرەنسا بۆ ھەرێمی کوردستان لەنێو ڕۆژھەڵاتی ناوەراستدا ھەنگاوێکی گرنگە و پشتیوانییەکی بەھێزە بۆ گەلی کورد.
ساڵی ٢٠١٤، کاتێک کە ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ھێرشی داعش بووەوە، فەرەنسا جارێکی دیکە، بە سەرۆکایەتی فرانسوا ئۆلاند، بە ھانای ھەرێمی کوردستانەوە ھات و ھاوکاری چەک و تەقەمەنی و ڕاوێژی سەربازی پێشکەش بە پێشمەرگە و گەلی کوردستان کرد، سەرەڕای ئەوەی فڕۆکەکانی لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ھێرشە ئاسمانییەکاندا پشتیوانی ھێزی پێشمەرگەبوون لە شەڕی داعش.
ھەرێمی کوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەکی لەمێژینەیان ھەیە، بەتایبەتی دوای دەرکردنی بڕیاری ٦٨٨ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کە پاریس ڕۆڵی کارای لە دەرکردنیدا گێڕا و، ئامانجەکەشی ڕاگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین و پاراستنی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بوو لە ھەر ھێرشێکی حکوومەتی بەعس.
لە شەڕی دژی داعشیشدا، فەرەنسا ھاوکار و پاڵپشتیکارێکی گەورەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھێزەکانی پێشمەرگە بوو، لە چوارچێوەی ئەو پاڵپشتیەشدا، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆککۆماری پێشووی فەرەنسا وەکو یەکەمین سەرۆکی وڵاتێک لە ئەیلوولی ٢٠١٤ سەردانی ھەولێری کرد.
د. سەردار حوسێن، چاودێری سیاسی، دەڵێت: سەردانی سەرکردە و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان بۆ ھەرێمی کوردستان و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردایەتی کوردستان، دەرخەری ئەوەیە کە ھەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەھێزی ھەیە، ھەر گۆڕانکارییەک ڕووبدات دەبینین دەوری ھەولێر و سەرۆک بارزانی تێدا دەورێکی ستراتیژییە، ئەوەش جێگەی دڵخۆشیی خەڵکی کوردستانە کە ئەمڕۆ وڵاتانی جیھان بە گرنگییەوە دەڕواننە ڕۆڵی ھەولێر.
ئەو چاودێرە، دەشڵێ: فەرەنسا دۆستایەتییەکی دوورودرێژی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە، لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە گەماڕۆی ئابووری خرایە سەر کوردستان، فەرەنسا یەکەم وڵات بوو کە بانگھێشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستانی کرد ئەو کات نێچیرڤان بارزانی سەردانی فەرەنسای کرد، بە شێوازێک پێشوازی کرا، ئەوە یەکەم ھەنگاوبوو بۆ شکاندنی گەمارۆی ئابووری و دیبلۆماسی لەسەر ھەرێمی کوردستان، ئێستەش ئەوە جەختکردنەوەیە لەو دۆستایەتییەی کە لە نێوان فەرەنسا و ھەرێمی کوردستان ھەیە، ئەوەی کە ئێمە تێبینی دەکەین وڵاتانی ئەوروپا بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکەش بە گرنگییەوە تەماشای پێگە و ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان دەکەن لە ناوچەکەدا، بۆیە چ فەرەنسا بێت، چ وڵاتانی دیکە ھەوڵدەدەن ئەو پەیوەندییەی کە ھەیە بپارێزن و بەرەو پێشەوەی ببەن.
نەوزاد حامد، چاودێری سیاسی، ڕایگەیاند: مێژووی نوێی پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی ھەرێمی دژەفڕین دەگەڕێتەوە بە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی و مەشق و ڕاھێنان، لە شەڕی دژی داعشیش فەرەنسا پشتیوانیی لە پێشمەرگە کرد، پەیوەندی فەرەنسا و ھەرێم لە بەرژەوەندی ھەر دوو لادایە، بەشێک لە کۆمپانیا فەرەنسییەکان سەرمایەگوزاری دەکەن لە کوردستان، سەرمایەگوزارانی فەرەنسا ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن بۆ سەرمایەگوزاری، لە داھاتوویەکی نزیکدا ئەو پەیوەندییانە زیاتر بەرەو پێشەوە دەچن، سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ فەرەنسا و پێشوازی لێ کردن لەلایەن سەرۆکی ئەو وڵاتەوە دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە، فەرەنسا مێژوویەکی دوورودرێژی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە، شوێن دەستی فەرەنسا لە ھەرێمی کوردستان دیارە، بەردەوام ھاوکاری ھەرێمی کوردستان دەکات، سەردانی سەرۆکی ھەرێم لەسەر داوای سەرۆکی فەرەنسا بووە ئەوەش گرنگە، چونکە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکاری دایە، بۆیە سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ فەرەنسا و ئەو پێشوازیە گەرمەی کە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کرا، نیشانەی ئەوەیە کە ھەرێمی کوردستان گرنگی خۆی ھەیە و گرنگە بۆ دنیای دەرەوە، ئەوەش وا دەکات کە ھەرێمی کوردستان ڕۆژبەڕۆژ پێش بکەوێت.