سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

نرخی نەوت زیاتر بەرزبووەوە

دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیاریدا سوودی بانکی بەرزنەکاتەوە، نرخی نەوت بەڕێژەی 1٪ بەرزبووەوە.

نرخی نەوتی برێنت بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 2-11-2023) دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 89 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێکی بە 85 دۆلار و 52 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 91 سەنت بەرزبووەوە و بە 81 دۆلار و 35 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

لە رۆژی چوارشەممە، هەردوو نرخی نەوتی برێنت و نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا لە کەمترین ئاستەکانیان لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا مامەڵەیان پێوەدەکرا.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە رۆژی پێنجشەممە، هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی بازاڕەکانی بۆرسە لە جیهان، دوای ئەوەی شەوی رابردوو بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی لە ئاستی 5.25٪ تاوەکو 5.5٪ جێگیر کرد و گۆڕانکاریی بەسەردا نەهێنا.

جۆن مایەر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای راوێژکاریی گڵۆباڵ ئێکس ئی تی ئێف، لەو بارەیەوە رایگەیاند “بە ئەگەری زۆرەوە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە مانگی داهاتووشدا دەرگای خۆی بە کراوەیی دەهێڵێتەوە، بۆ ئەوەی دەستکاریی سوودی بانکی نەکات و بەرزکردنەوەکە بهێڵێتەوە بۆ ساڵی داهاتوو.”

ئەو شرۆڤەکارە، پێیوایە جێگیرکردنی سوودی بانکی لەم دوو مانگەی داهاتوودا، دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو مەترسییانەی رووبەڕووی بازاڕەکانی بۆرسە بوونەتەوە، خاوببنەوە و سەقامگیری بگەڕێتەوە بازاڕەکان.