ئارام كۆشكی – سلێمانی
پرسیار سەبارەت بە شیعر، پرسیارە سەبارەت بەو ژانرەی بەردەوام لە جوڵەدایە و بوونێکی جیوەیی هەیە. هەر کاتێک ئەم ژانرەکان لە پێناسەیەک یان چەند پێناسەیەکدا قەتیس کرد ئەوکات لەبری کردنەوەی ئاسۆی نوێ بەڕووی ئەم ژانرەدا زیانمان لێ داوە. پرسیاری ئەوەی ئایا شیعر تەنها نووسینەوەی هەستەکانە پرسیارێکە دەمێکە بیری لێ دەکەمەوە و زۆرجاریش لای هەندێک شاعیر ڕەوایەتی بەوە دراوە، کە شیعر تەنها نووسینەوەی هەستە و هیچی دیکە، شیعر بیرکردنەوە نییە، بەڵکو شیعر زیاتر خودنووسینەوەیە. بێگومان ئەم بۆچوونە ڕاستی تێدایە، بەڵام پێویستمان بە دیدگای فراوانتر هەیە بۆ سەیرکردنی شیعر، کە لێرەدا هەوڵ دەکەم چەند سەرنجێکی کورت بخەمەڕوو.
یەکەم: شیعر کردنەوەی دەرگا نییە بەڕووی ڕەهایی هەستەکاندا و ئیدی ماڵئاوایی لە بیرکردنەوە بکرێت. بەو پێیەی شیعری ڕاستەقینە سەروکاری لەگەڵ بیرکردنەوە و تێڕامان لە دونیا هەیە. بۆیە هەر شیعرێک تەنها “نووسینەوەی هەستی ڕووت” بێت، شیعرێکە لە سووچێکی شیعربووندا دەمێنێتەوە و ناتوانێت شیعربوونی هەمیشەیی مسۆگەر بکات.
دووەم: ئەگەر شیعر تەنها نووسینەوەی هەست بێت، ئەوا دەقێک بەرهەم دێت کە سۆزگەرایە و زیاتر لەوەی بیرکردنەوە بێت لەنێو زمان و بووندا، یان بە دیوێکی دیکەدا نووسینەوەی دەردەدڵ و کڕووزانەوەیە. بۆیە شیعری ڕاستەقینە شیعرێکە دابڕاو نییە لە بیرکردنەوە و کاتێکیش هەوڵی نووسینەوەی هەستەکان دەدرێت بەبێ بیرکردنەوە هەستەکان نانووسرێتەوە.
سێیەم: بەشێکی زۆر لە ئەزموونە شیعرییەکانی شیعریی کوردی شیعر تەنها وەکو نووسینەوەی هەست دەبینن. نەک وەکو “بیرکردنەوە لەنێو هەستەکاندا”. شیعر کاتێک تەنها نووسینەوەی هەست بێت، دەبێتە شیعرێکی کاتی. بەڵام هەمیشە ئەو شیعرانەی هەستەکان بە بیرکردنەوە ئاو دەدەن شیعرگەلێکن، کە توانای بڕینی زەمەن و مانەوەیان هەیە.
لەم چەند سەرنجە کورتەوە دەگەڕێمەوە بۆ دووبارە وەڵامدانەوەی پرسیارەکە، سەبارەت بە شیعر و هەست و بۆ ئەمەش نموونەیەک دەهێنمەوە. هەفتەی پێشوو کتێبێکی شیعرییم خوێندەوە (لێرەدا پێمباش نییە ناوەکەی بنووسم) تەواوی شیعرەکانی ئەو کتێبە لە نووسینەوەی هەستەکان تێپەڕی نەدەکرد. لای من کارکردن بەم ڕووبەرە فراوانە لەنێو هەستەکاندا کێشەکەی ئەوەیە کە دەقیکی سۆزگەرای ڕووت و دەردەدڵنووسی تەواوەتی بەرهەم دەهێنێت. دەشێ شاعیر لە کتێبێکی شیعریدا لە چەند دەقێکدا دەقی سۆزگەرایی هەبێت، بەڵام تەواوی ئەزموونی شاعیرێک ببێتە نووسینەوەی هەستەکان بەبێ بیرکردنەوە و ڕامان لە دونیا بوونەوەرەکانی نێوی ئیدی ئەوە کارکردنە لەسەر ئەوەی شیعر لە ژانرێکی باڵاوە بچووک بکەیتەوە. گەورەیی شیعر لەو تێمە گشتگیر و نەمرانەدایە کە بۆ هەمیشەیی بە نەمریی دەمێننەوە.
سۆزەکان و هەستەکان بەرهەمی بەرکەوتنی ڕۆژانەن، کە ئەمانە تێدەپەڕن و دەشێ شوێنگرەوەیان هەبێت. بەڵام تێڕامان لە چەمکەکان و هەر دیاردەیەکی دیکەی گەردوونی و هەر ڕووداوێک دەشێ دەقی نەمر دروست بکات. ڕۆژانەییبوونی دەق جۆرێکە لە شیعرکوژی. ئەوەی شیعر دەکوژێت نووسینەوەی هەست و بەرکەوتنی رۆژانەی شاعیرە لە جوغزێکی بچووکدا بەبێ بیرکردنەوە و تێڕامان.