حەمەسەعید حەسەن
له دووه‌مین فێستیڤاڵی شیعری کوردی‌دا که له ڕۆژانی کۆتایی ئاداری ١٩٧٩ دا، له سلێمانی ساز کرا، هۆنراوه‌ی (هه‌ڵه‌بجه غه‌ززه‌ی خه‌مناکه)م به‌ره‌و ڕووی (ئه‌رشه‌د زێباری)ی پارێزگار و (عه‌بدولڕه‌ززاق فارس)ی به‌رپرسی به‌عسییه‌کان خوێنده‌وه. له‌سه‌ر ئەم شیعره، له ئاسایشی سلێمانی پێیان گوتم: (تۆ به ئێمه‌ت گوتووه: داگیرکا‌ر و نه‌وه‌ی هیتله‌ر، له‌سه‌ر ئه‌وه کوشتنت ڕه‌وایه، به‌ڵام تا نه‌تڕووخێنین ناتکوژین، ئاخر ئێمه قاره‌مان دروست ناکه‌ین.)
هه‌ڵه‌بجه (غه‌ززه)ی خه‌مناکه و
منداڵانی پۆلیس به‌رده‌باران ناکه‌ن،
دووکانداره‌کانی دووکان
به ڕووی پۆستاڵدا داناخه‌ن،
سلێمانی (سۆیۆتۆ)یه و
گه‌نجه‌کانی ده‌ست ناده‌نه یه‌خه‌ی سیخوڕ،
هه‌موو گوندێکی کوردستان
چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامه‌که‌ی (گێڕنیکا)یه و
که‌چی ڕۆژنامه و گۆڤار و
ئاژانسی ده‌نگوباسه‌کان
نوستووی گوێی گان.
*
ورووژاوه
هه‌ر شاره‌زه‌رده‌واڵه‌یه ورووژاوه،
هه‌ر قوتابیی قوتابخانه‌که‌ی هیتله‌ره و
گه‌ڕی له‌م ناوه ئاڵاوه.
*
زه‌رده‌واڵه به شانه‌کان
به‌و سنووره‌یش ڕازی نابن
باپیریان نه‌خشه‌ی کێشاوه،
لایان وایه مێژوو عه‌ره‌بانه‌یه‌که و
به پاڵی ئاره‌زووی ئه‌وان
ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دواوه.
*
ئه‌ی شاره بچکۆلانه‌که‌م!
ڕۆژی ده‌یان
مۆخی لاوان
ده‌رخواردی ماری سه‌ر شانی
زوحاک ده‌ده‌یت و ماره‌کان هه‌ر تێر نابن،
ئه‌ی ماره‌کانی سه‌ر شانی زوحاکی نوێ!
ڕۆژێ دادێ
ئه‌وه‌نده‌ی به‌رزاییی هه‌ڵگورد،
ئه‌وه‌نده‌ی پانیی شاره‌زوور
له‌به‌ر بینی ئاغاکانتاندا خڕ ده‌بێ،
جامی شاره بچکۆله‌که‌م فراوانه
به‌ڵام با سه‌د هێنده‌ی تریش فراوان بێ،
ئه‌و ڕۆژه دادێ پڕ ده‌بێ
ئه‌و ڕۆژه دادێ پڕ ده‌بێ.
*
(*) غه‌ززه شارێکه له فه‌له‌ستین، ئه‌و سه‌رده‌مه له‌بن ده‌ستی ئیسرائیل‌دا بوو. سۆیۆتۆ: شارێکه له باشووری ئه‌فریکا، ئه‌و سه‌روه‌خته زوو زوو خه‌ڵکه‌که‌ی به گژ سپیپێسته ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌کاندا ده‌چوونه‌وه. شاره‌دێی گێرنیکا: ١٩٣٧ له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی ناوخۆدا نازیسته‌کانی ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ر خواستی فاشیسته‌کانی ئیسپانیا خاپووریان کرد و (پیکاسۆ)یش له تابلۆیه‌کدا ئه‌و کاره‌ساته‌ی به‌رجه‌سته کرد.