هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

پێشمەرگە سەنگەرەکانی تووندوتۆڵتر دەکات

دوای زیادبوونی جموجۆڵ و چالاکییەکانی داعش، عێراقیش لەو باوەڕەدایە تاکە رێگەی نەهێشتنی جموجۆڵ و هەڕەشەکانی داعش هەماهەنگییە لەگەڵ پێشمەرگە، بەرپرسێکی سەربازی عێراق دەڵێ: ” هەوڵی هاوبەش تاکە رێگەیە لەبەردەم هەردوو حکومەت بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکانی داعش.

دوای کۆبوونەوەی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندە سەربازییەکانی عێراق، بەرپرسێکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێ: ” هەر لایەکمان بۆ خۆی کار دەکات، داعشیش ئەو هەلەی قۆستووەتەوە و دەستی بە هێرش کردووە.
لە کۆتایی مانگی رابردووەوە داعش دەستی کردووە بە هێرشکردن لە ناوچە کوردستانییەکان،هێرشەکان تاوەکو ئێستا بوونەتە هۆی شەهیدبوونی ٢٢ پێشمەرگە لە چوار هێرشدا لەگەڵ سێ کەسی سڤیل، ئەو دۆخە بە خێرایی سەرکردایەتی کوردی هێنایە دەنگ و سەرۆک بارزانی بەڵێنی دا تۆڵەی شەهیدەکان بکرێتەوە .
بەپێی زانیاری هەندێک سەرچاوە، پانتایی و رووبەری بۆشایی ئەمنی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە هەندێک ناوچەدا تاوەکو ٤٠ کیلۆمەتر دەبێت، لە مەخموور و سەرگەڕان و دوبز و کفری و ناوچەی دیکە داعش، هێزی پێشمەرگە خەریکی تووندتۆڵکردنی سەنگەرەکانیەتی و چووە ناو گوندی لهێبان لە سنووری دوبز و جێگیر بوو .
داعش کە لە نێوان ساڵانی 2014 تاوەکو 2017 یەک لەسەر سێی خاکی عێراقی گرتبوو، لەلایەن پێشمەرگەوە بە تووندی لە 7 ساڵی رابردوودا بەرپەرچی دراوەتەوە و تێکشکێنراوە، بەپێی گوتەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێشتا 10 هەزار چەکداری داعش لە عێراق و سووریا ماون و تەنیا لە سنووری مەخموور و قەرەچووغیش مەزەندە دەکرێت زیاتر لە 100 چەکدار خۆیان لە تونێل و ناوچە سەختە شاخاوییەکان حەشار دابێ .
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ: “هەر جارێک داعش هێرش دەکاتە سەر پێشمەرگە لە ناوچەکانی ژێر دەستی سوپای عێراق هێرشەکانی دەکات، پاش هێرشەکانیش دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان .
هەرچەندە چەندین جار سوپای عێراق و پێشمەرگە گفتوگۆی کاراکردنی ناوەندی هاوبەشیان کردووە، بەڵام عێراق جیدی نەبووە لەو پرسە لە مانگی تەمووزی ئەمساڵەوە چەندین جار گفتوگۆ لەوبارەوە کراوە بێ ئەوەی ئەنجامێکی هەبێ .
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و شارەزایان دەلێن ئەو هێرشانە ئەنجامی نەبوونی هەماهەنگییە لە ناوچە جێناکۆکەکان، داعش دەرفەتەکەی قۆستووەتەوە و رۆژانە هێرشدەکات، داعش لە ٢٠١٧دا سەرکەوتنی سەربازی بەسەردا راگەیێنرا، بەڵام هێشتا مەترسییەکی جیدییە و هەڕەشە لە ژیان و ماڵی خەلک دەکات، ئەو گرووپە تیرۆرستییە سێ ساڵ یەک لەسەر سێی خاکی عێراقی گرت، ئێستاشی لەگەڵ بێ لە زۆر ناوچە بە شێوەی گرووپ و تاک هەڕەشە لە خەڵک دەکەن.
شەوی ٥ لەسەر ٦ی ئەم مانگە، داعش جارێکی دیکە لە سنووری پارێزگای کەرکووک هێرشی فراوانی کرد و پەلاماری سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی دا لەناوچەی شوان و لە ئاکامیشدا ٣ پێشمەرگە و هاووڵاتیەک شەهید بوون و ژمارەیەک پیشمەرگەش بریندار بوون، بەڵام هێرشەکە تێکشکێنرا و دوای زیاتر لە ٢ کاتژمێر وەزارەتی پێشمەرگە کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکەی لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە ڕاگەیاند.