سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

رێگای پردی سماقوڵی کرایەوە

وەزیری ئاوەدانکردنەوە ونیشتەجێکردن رایدەگەیەنێت، گرفتی رێگای سەرەکی پردی سماقوڵی چارەسەر کرا، کە یەکێک بووە لە گرفتە سەرەکییەکان، تەواوکردنی پڕۆژەکان بۆ خەڵكی کوردستان، دەسکەوتە بۆ حکومەتی هەرێـمی کوردستان، یەکێک لە ستراتیژیەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کارنامەی کابینەی نۆیەم، گرنگیدان بووە بە ڕێگاوبان.

ئەمڕۆ دووشەممە، 30 تشرینی یەکەمی 2023، دانا عەبدولکەریم ، وەزیری ئاوەدانکردنەوە ونیشتەجێکردن هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رێگای پردی سماقوڵی بە درێژای دوو کیلۆمەترە، بە گوژمەی زیاترلە دوو ملیار دینار جێبەجێکراوە، ئەم پڕۆژەیە گرفتی هاتووچۆی سالانی رابردوو چارەسەر دەکات، رێگای هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەولێر ئاسانتر دەکات، هاووڵاتییان تووشی گرفتی هاتووچۆ نابن، لەڕووی گەشتیاریشەوە ئاسانکاری کراوە.

 ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغی سێیەم رێگای دووکان خەلەکانە کە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، بەڵام هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، درێژی رێگاکە 10 کلیۆ مەترە، ئەمەش لە چواچێوەی پلانی وەزارەتە کە ئاڕاستەی بانکی نێودەوڵەتی کراوە.

وەزیرەکەی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەشڵێت: ئەم پڕۆژانەی کە ئێستا ئێمە تەواوی دەکەین پڕۆژەی ساڵانی “2011 و 2014″ن بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێـمی کوردستانەوە، حکومەتی هەرێم توانای دارایی نەبووە، ئەم پڕۆژانە تەواو بکات، گوتیشی: تەواوکردنی پڕۆژەکان بۆ خەڵكی هەرێـمی کوردستان دەسکەوتە بۆ حکومەت، ئێمە گرفتە سەرەکییەکانمان چارەسەر کردووە.

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە گشتی 624 پرۆژە بە گوژمەی نزیکەی سێ ترلیۆن دینار کاریان تێدا کراوە، کە 418 پرۆژەیان تەواوکراون و گوژمەکەیان نزیکەی ترلیۆنێک دینار بووە. هەروەها 206 پرۆژەش بە گوژمەی زیاتر لە ترلیۆنێک و 892 ملیار دینار کارکردن تێیاندا بەردەوامە و بەرێژەی جیاواز کارەکانیان تەواوکراوە.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یەک چاو و بەبێ جیاوازی بە گوێرەی پێویست پڕۆژەی رێگاوبانی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئەنجامداوە، داتاکانیش دەرخەری ئەو راستییەن کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کابنیەی خزمەت و ئاوەدانی بووە بۆ هەموو دەڤەرەکانی هەرێمی کوردستان.

لە پارێزگای هەولێر، لە چوار ساڵی کابینەی نۆیەمدا 160 پرۆژە بە گوژمەی 473 ملیار دینار تەواوکراون، 49 پرۆژەش بە گوژمەی زیاتر لە 615 ملیار دینار کاریان تێدا دەکرێت.

لە پارێزگای سلێمانی، 137 پرۆژە بە گوژمەی 202 ملیار و دوو ملیۆن دینار تەواوکراون و  55 پرۆژەش بە گوژمەی نزیکەی 420 ملیار دینار کاریان تێدا دەکرێت.

لە پارێزگای دهۆکیش، 47 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 286 ملیار دینار تەواوکراون، کارکردنیش لە 29 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 405 ملیار دینار بەردەوامە.