سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

گرنگی (هه‌ژماری من )


کەریم کاوە ڕایەتی
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی جدی و بوێرانه‌ی ناوە بۆ به‌ره‌وپێشچوونی كوردستان، یه‌كێك له‌و هه‌نگاوانه‌ پرسی به‌هێزكردنی كه‌رتی ئابووری و سیسته‌می بانکی بوون، ئیستا پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من قۆناغ به ‌قۆناغ فراوانتر ده‌بێت، بنیاتنانی ئه‌م سێكته‌ره له‌ كوردستان‌ هه‌نگاوێكی زۆر گرنگه‌ بۆ ئاشناكردن و ڕاهێنانی خه‌ڵك له‌سه‌ر سیسته‌می بانكی نوێ، جیا له‌وه‌ش پاره‌ی كاش لە گیرفان و به‌كارهێنانی كه‌م ده‌بێته‌وه،‌ كه‌ ئیستا جیهان په‌یڕه‌وی ئه‌و سیسته‌مه‌ ده‌كات، ڕاسته‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ بۆ كوردستان تازه‌یه‌ به‌ڵام دامه‌زاروه‌كانی كوردستان هیچیان كه‌متر نییه‌ له‌ دامه‌زاروه‌ جیهانییه‌كان و حكوومه‌ت هه‌نگاوی گرنگی ناوه‌ بۆ به‌دامه‌زراوه‌یی كردنی سیسته‌می ئه‌لیكترۆنی سه‌رجه‌م دامه‌زاروه‌كان، ئه‌مه‌ش هه‌م ژێرخانی ئیداری لە كوردستان به‌هێزده‌كات و هه‌م خه‌ڵكی كوردستان ئاشنا ده‌بن به‌سیسته‌مه‌ جیهانییه‌كان و ڕۆتین كه‌م ده‌بێته‌وه کە ئەمەیان گرنگترینە بۆ هاووڵاتیان و سەرۆکی حکوومەتیش بەردەوام جەختی کردۆتەوە لە سەر نەهێشتنی ڕۆتین و خێراتر کردنی کاروباری هاووڵاتیان لە دامودەزگاکانی حکوومەت دا‌.
له‌باره‌ی گرنگی (هه‌ژماری من) یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌ی بانكه‌كانه‌ له‌لای خه‌ڵك و ڕاگرتنی سه‌رجه‌م ئه‌و حاڵەتە ‌دزێوانه‌ی كه‌ هۆكارن بۆ یاریكردن به‌نرخی دراوه‌كان، و لە هەمووی پڕ بایەختر ئەوەیە کە كۆمه‌ڵێك قه‌یرانی سیوله‌یی و بانكی له‌ كۆڵ كوردستان ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ساڵانێكه‌ به‌رۆكی گرتووین و خه‌ڵكیش ڕادێنێ له‌سه‌ر سیسته‌می نوێی بانكی و هه‌م پاڵه ‌په‌ستۆ له‌سه‌ر بانك و نه‌ختینه‌یی كه‌م ده‌بێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بانك ڕۆڵێكی زۆری هه‌یه‌ له‌ په‌ره‌پێدان و به‌ره‌وپێشبردنی سیسته‌می ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ و شه‌فافیه‌تی زیاتر ده‌خوڵقێنێ و جێگیری ئابووری لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ و هۆكارێكی گرنگه‌ له‌ ڕووی په‌ره‌پێدانی ئابووری، چونكه‌ هه‌موو سێكته‌ره‌كان په‌یوه‌ندییان به‌ سێكته‌ری نه‌ختینه‌وه‌ هه‌یه‌.
ئه‌و پڕۆژه‌یەی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان بە ناوی (هه‌ژماری من) به‌و شێوازه‌ ‌ئه‌لیكترۆنییه‌ گرنگیی خۆی هه‌یه‌، كۆتایی به‌ قۆناغی هه‌ڵگرتن و ده‌ستاوده‌ستكردنی پاره‌ی كاغه‌ز ده‌هێنێت، هه‌مووی له‌ ڕێی ئه‌و كارتی بانکیەوە‌ ده‌كرێت، هه‌روه‌ها له‌ باره‌ی مووچه‌وه‌ كۆتایی به‌ ڕۆتینی دابه‌شكردنی مووچه‌ و هات و نه‌هات ده‌هێنێت، له‌ كۆتایی مانگدا پاره‌كه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر حیسابی مووچه‌خۆر له‌ هه‌ر شوێنێك بێت فه‌رمانبه‌ر له‌ ڕێی ئه‌و كار‌ته‌وه‌ ده‌توانێت ئه‌و پاره‌یه‌ی به‌كار بهێنێت و كۆتایی به‌ پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ی ده‌ستی دێت، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ مانگانه‌ له‌كاتی خۆی فه‌رمانبه‌ر مووچه‌ بچێته‌ سه‌ر هەژمارەکەی، ئه‌وه‌ هه‌نگاوێكی زۆر گرنگ و خێرایه‌ و له‌ خه‌رجییه‌كان كه‌م ده‌كاته‌وه‌ و كاریگه‌ریی زۆرباشی ده‌بێت له‌سه‌ر پرۆسه‌ی گه‌نده‌ڵی و چاكسازی له‌ بواره‌كه‌.
ئه‌م پرۆژه‌یه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین پرۆژه‌كانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیوادارین ئالیه‌تی پرۆسه‌كه‌ هه‌م ئاسانتر بكرێت هه‌م خێراتر بكرێت چونكه‌ وابڕیارە پرۆژه‌كه‌ له ‌ماوه‌ی دوو ساڵ ته‌واوبكرێت، تائێستا زیاتر لە ١٠٠ هه‌زار كه‌س بوونه‌ته‌ خاوه‌نی هه‌ژماری خۆیان، له‌كاتێكدا ئێمه‌ زیاتر له‌ ملیۆنێك مووچه‌خۆرمان هه‌یه‌ و ئامانجه‌كه‌ ته‌نیا موچه‌خۆران نین ده‌بێت ئه‌م پرۆسه‌یه‌ سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستان بگرێته‌وه‌ بۆیه‌ گرنگه‌ نووسینگه‌ی تایبه‌ت له‌سه‌رجه‌م شوێنه‌ گشتییه‌كان به‌سه‌رپه‌رشتی تیمه‌كان به‌رێوه‌بچێت و خه‌ڵكێكی زۆر وه‌ك تیم دابمه‌زرێنرێت به‌شێوه‌ی كاتی بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌كه‌ خێراتر بكرێت.
ئه‌وه‌ی تێبینی كراوه‌ زیاتر له‌ بیست و شەش ملیۆن كه‌س له‌ جیهاندا خاوه‌نی كاری بازرگانی ئۆنلاینن به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی تاوه‌كو ئێستا هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی سیستمی بانكی نه‌بووه‌، ئه‌م گرنگیه‌ی بۆ خه‌ڵكی كوردستان نه‌بووه‌ و ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ ده‌بێته‌ هانده‌رێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی متماته‌ بۆ سیستمی بانكی و په‌ره‌پێدانی زیاتری ئاڵوگۆڕ و كاروباره‌ بازرگانییه‌ ئه‌لیكترۆنی و دیجیتاڵییه‌كان، به‌تایبه‌تیش ده‌رگای بازرگانی ئۆنلاین له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ده‌بات کە ئەمەش مانای ڕەخساندنی دەرفەتی کاری زیاترە و کۆمەڵێک گیروگرفتی بەردەم بازرگانی ئەلکتڕۆنی چارەسەر دەکات.

بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران