ڕەخنە ستایشكردن نییە!

سەدیق سەعید ڕواندزی
بەشێكی زۆر لە نووسەرانی ئێمە،بە داخەوە ڕوحیەتی ڕەخنە لێ گرتنییان تێدا نییە و هەر كاتێك ڕەخنە لە بەرهەمێكییان دەگیرێت، ئیدی دەكەونە كاردانەوە و وەڵامدانەوەی نالۆژیكی و تا دەگاتە پچڕاندنی پەیوەندی هاوڕێیەتیش.ئەوانە، چونكە ڕەخنە بە ستایشنامە و پێدا هەڵگوتن دەزانن، ئیدی بۆچوونییان وایە، كە خوێندنەوە بۆ بەرهەمێكیان دەكرێت، ئەوا دەبێ ستایشی بكەن و خۆ لە هەڵەكان بە دوور بگرن. لە كاتێكدا، ڕەخنە ستایشنامە نییە و یەكێكە لەو بوارە گرنگ و هەستیارانەی، كە دەبێ بەو پەڕی ڕاشكاوەیی، پیشەیی، بێ لایەنی و دادوەرییەوە، كاری تێدا بكەیت. هەموو دەقێك تا ئەو كاتە بەشێكە لە دنیابینی نووسەر، كە بڵاو نەكراوەتەوە، هەر كاتێك بڵاوكرایەوە، دەبێتە بەشێك لە دنیابینی خوێنەرانیش. بۆیە خوێنەریش، مافی خۆیەتی بە تێگەیشتنێكی دیكەی جیاواز، دەقەكە ببینێت و بیخوێنێتەوە. هەموو ڕەخنەیەك، ڕەنگدانەوەی دەقە. ئەگەر دەقێك نەبێت، ڕەخنەگر ڕەخنە لەچی دەگرێت. بۆیە دەبێ نووسەران، ڕەخنە بە تەواوكەری دەقەكەی خۆیان بزانن و بەلایانەوە ئاسایی بێت ڕەخنە لە دەقەكانیان بگیرێت. نەك هەر كاتێك خوێنەرێك، یان ڕەخنەگرێك، سەرنجێكی ڕەخنەیی و جیاوازی هەبوو، ئەوان تووشی شۆك بن و بكەونە كاردانەوە. ئەگەر نووسەرێك و ئەدیبێك ڕەخنەی قبوول نەبوو، مانای وایە چ جیاوازییەكی هەیە لەگەڵ كەسانێك كە بڕوایان بە زمانی نووسین و گفتوگۆ نییە؟ بەداخەوە ڕەخنەگرتن لەنێو ئێمە، نەبۆتە كولتوور لە هیچ كایەیەكی ژیاندا و لەو سۆنگەیەشەوە لە نێوەندە ئەدەبییەكەش ڕەخنە وەك بابەتێكی بێزراو و نامۆ دەبینرێت و نووسەرانی ئێمە بە ڕەخنەگرتن هەراسان و نیگەران دەبن و زۆرجار دەكەونە كاردانەوەی دەروونی، یاخود پاساو هێنانەوەیەك كە نەك هەر لۆژیكی و بڕوا پێهێنەر نییە، بگرە مایەی سەرنج و ڕەخنەی زیاتریشە. بۆ نموونە كاتێ وەك خوێنەرێك سەرنجەكانم لەبارەی كتێبێكەوە دەخەمە ڕوو، یاخود بە دیدێكی ڕەخنەییەوە دەیخوێنمەوە، نووسەرەكەی بە شێوەیەكی ڕەها و ڕەتكەرەوە باس لەوە دەكات، كە ئەسڵەن كتێبەكەم هەر نەخوێندۆتەوە، لەكاتێكدا پرسیارە سادەكە ئەوەیە، ئەگەر خوێنەرێك كتێبێك نەخوێنێتەوە، دەتوانێ سەرنجەكانی لە بارەوە بخاتە ڕوو؟ یاخود كاتێ ڕەخنەگرێك ڕەخنە لە ئەزموونی ڕۆماننووسێك دەگرێت، ئیدی ڕۆماننووسەكە، لێی دەكەوێتە سەنگەرو لە دەیان نووسین ودیمانە و پۆستی فەیسبووكدا، قسەی لە سەر دەكات و تەنانەت ئەگەر ناوەڕۆكی دیمانەكە یان نووسینەكە تەنانەت هەر پەیوەندیشی بە ڕەخنەی پێشووتری ئەو ڕەخنەگرەوە نەبێت، ئەوا ئەو ڕۆماننووسە لە سەرێكەوە بە ناڕاستەوخۆیی، یاخود بە ڕاستەوخۆیی باسی دەكات و ناوی دەهێنێت و بە نەخوێندەوار و نەزان و ڕەخنەگری میللی ناوی دەبات. ئەمانەو دەیان نموونەی دیكەی لەو شێوەیە، هەر تەنها ئاستی هوشیاریی ڕەخنەیی و وەرگرتنی ڕەخنە لای نووسەرانی ئێمە دەر ناخات، بەڵكو بەدیوێكی دیكەشدا، ئاماژەیە بۆ ڕەتكردنەوە و بە نامۆ سەیركردنی ڕەخنە و لێك جیانەكردنەوەی ڕەخنە و توانجی كۆمەڵایەتی و كەسی. نووسەرانی ئێمە، وا دەزانن بە ڕەخنە لێگرتنیان لە پلە و پایەی ئەدەبی و كۆمەڵایەتییان كەم دەبێتەوە، بۆیە هیچ شتێك هێندەی ڕەخنەگرتن نیگەران و پەست و توڕەیان ناكات، كە زۆرجار لەكاردانەوەی ئەو ڕەخنەگرتنە پەنا بۆچەندین پەرچەكردار، تا ئاستی بڕینی هەموو پەیوەندییەكی هاوڕێیانەش دەبەن. بەڵام كاتێ ستایشی نووسینێكیان دەكرێت، ئیدی بە پێچەوانەوە دەیان پۆستی فەیسبووكی لە سەر دەنووسن و بە شانازیی و بە گەورەییەوە باسی دەكەن. گەلێك جاریش، كاتێ ڕەخنەگرێك پێشتر ڕەخنەی لە دەقی چەند نووسەرێك گرتووە، كاتێ یەكێكیان وەڵام دەداتەوە، وەك ئەو پەندەی دەڵێت: (دوژمنی دوژمنم دۆستمە) هەموویان لە یەك سەنگەر كۆدەبنەوە و لە ڕێگەی دەیان كۆمێنت و پۆستەوە، باسی ڕەخنەگرەكە دەكەن و بە نەزان و نەخوێندەوار ناوی دەبەن. یاخود پێی دەڵێن بە سەر كتێب دەڕشێتەوە، بەبێ ئەوەی بوێریی و جوامێری ئەوەیان هەبێت لە بڕی ئەو قسە میللییانە، وەڵامی ڕەخنەگرەكە بدەنەوە. چونكە دەزانن و دڵنیان ئەوەی نووسیویانە هەڵەیە. كاتێ بە ناو ڕۆماننووسێك، خۆ بە ڕۆمان هەڵدەواسێت و بە ناو ڕۆمانێك لە سەر وڵاتێك دەنووسێت، بەڵام ئاڵای وڵاتەكە ناناسێت و ناوی پایتەختەكە نازانێت، ئەمە سووچی ڕەخنەگر نییە تا پەلامار بدرێت، بەڵكو دەبێ نووسەرەكە بزانێت ڕۆمان گاڵتەی منداڵان نییە و نابێ هەموو كەس بڕوای وابێت ڕۆماننووسە، چونكە هەموو سمێڵ سوورێك هەمزە ئاغا نییە. دواجار دەڵێم دەق و ڕەەبخنە تەواوكەری یەكترین، بۆیە ڕەخنەگر نە دوژمنی نووسەرە، نە باوە كوشتەی. ئێوە تێكستی پڕ لە هەڵە و نابەتییانە مەنووسن، با خوێنەرو ڕەخنەگرانیش ڕەخنەی لێ نەگرن.

ھەواڵی زیاتر