سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە شاندێكی باڵای هاوپەیمانی (ئیئتلافی) حامورابی كرد.
لە لایەن خۆیانەوە ئەندامانی هاوپەیمانەکە سوپاسی جەنابی سەرۆکیان کرد بۆ رۆڵی سەرەکی بەرێزیان لە بەهانا گەیشتنی بریندارانی کارەساتی (بەخدێدا / الحمدانية) و لەم دیدارەدا هەردوولا هاوخەمیی قووڵی خۆیان بۆ كەسوكاری قوربانیانی ڕووداوی دڵتەزێنی ئاگركەوتنەوە لە قەزای حەمدانیە ڕاگەیاند، كە تێیدا سەدان هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون. هەروەها شاندی هاوپەیمانی حامورابی سوپاسی جەنابیانیان کرد لە بەر پشتگیری کردنی بەرێزیان لە رێزدار غیبطەی پاتریەرک کاردینال مار لویس ساکۆ سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە جیهان.
لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا نوێنەرانی (دەستەی سیاسی بالای کلدانی) کە بەشێکن لەم هاوپەیمانی یە باس بارودۆخی کریستیانەکانی کلدان و ئاشووری و سریان وئەرمەن لە عێراق و کوردستان و بە تایبەت لە دەشتی نەینەوایان کرد لە کاتێکدا کە عێراق بەرەو هەلبژاردنەکانی پارێزگاکانی عێراقی هەنگاو دەنێت .
بارودۆخی گشتی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و قووڵتركردنی بنەماكانی شەراکەت وتەوافق وهاوسەنگی ویەکریزی سیاسی وپێكەوەژیان و سەقامگیری پێکهاتەکانی کوردستانی باسێکی دیکەی ئەم دیدارە بوو.
سەرۆك بارزانی وێڕای جەخت کردنەوەی لە پشتگیری کریستیانەکان وگشت پێکهاتەکان، دووبارە پشتگیری بەرێزیان بۆ گشت هەولەکان لە پێناو مانەوەی کریستیانەکان لە سەر زیدی باب و باپیرانیان وکۆچ نەکردنیان بۆ دەرەوەی نیشتیمان دووپات کردووە.