دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

فرۆشرانی تابلۆی هونەرمەندێكی جیهانی لە کوردستان

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

لە شاری سلێمانی بۆ یەكەم جار تابلۆی هونەرمەندێكی جیهانی لە زیادكردنێكی ئاشكرادا بە ٥١٠ دۆلار فرۆشرا.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە هۆڵی ئەمنە سوورەكەی شاری سلێمانیدا، كۆمپانیای (هاواری فیلم) هەستا بە فرۆشتنی تابلۆیەكی هونەرمەند یەڵماز گۆنای كە لەلایەن شێوەكار ژوان باقی دروست كرابوو، دواتر لەلایەن سیاسەتمەداری ناسراو محەمەدئەمین پێنجوێنی، تابلۆكە بە ٥١٠ دۆلار كڕدرا، سەرەتا نرخی ٥٠٠ دۆلار بۆ فرۆشتنی تابلۆكە دانرا، دواتر محەمەد پێنجوێنی ١٠ دۆلاری زیاد كرد، پاشان بەهۆی نەبوونی كێبڕكێی دیكەوە بە ٥١٠ دۆلار پێنجوێنی، تابلۆكەی كڕی.
هاوار مستەفا خان، خاوەنی كۆمپانیای هاواری فیلم بە (هەولێر)ی راگەیاند “هونەرمەند یەڵماز گۆنای، ئایكۆنێكی گرنگی جیهانییە، بۆیە ئەوانیش بە لایانەوە گرنگ بووە یەكەم كاریان بۆ ئەو هونەرمەندە بێت”.
هاوار دەڵێت “ئێمە لەگەڵ ئەوانەی بەشداربوون قسەمان كرد كە نرخمان بەلاوە گرنگ نییە، بەڵكو گرنگ سەركەوتنی پرۆسەكەیە، ئەوەش بوێرییەكی دیكە بوو كردمان، بۆیە نرخەكە زۆر باشە، لەبەرئەوەی مامۆستا محەمەد ئەمین پێنجوێنی بە نیوەی مووچەكەی ئەو تابلۆیەی كڕی”.
هەروەها سیاسەتمەدار محەمەد ئەمین پێنجوێنی بۆ (هەولێر) رایگەیاند “لە خۆشەویستیم بۆ هونەر و هونەرمەندان بڕیارم دا لە سنوورێكی دیاریكراودا تابلۆكە بكڕم، بۆیە كە نرخی ٥٠٠ دۆلاری لەسەر دانرا، لە ٥١٠ دۆلار توانیم بیكڕم؛ ئامادە بووم تا ٥٥٠ دۆلاریشی پێ بدەم، دیارە ئەو پارەیەش لەسەر نیوەی مووچەكەم بوو”.
ژوان باقی، هونەرمەندی شێوەكار كە تابلۆكەی دروست كردووە بە (هەولێر)ی راگەیاند “ئەم جۆرە كارانە بوێریی دەوێت، ئێمەش مەبەستمان بوو زیادكردنی ئاشكرا بۆ فرۆشتنی تابلۆ بكەینە كولتوور، بۆیە مامۆستا هاوار پێشنیاری دروستكردنی تابلۆی كرد، خۆیشم لە منداڵییەوە خەونم بوو بۆ ئەم رۆژە”.
ژوان وتیشی “خۆم پێشبینیم دەكرد زیادكردنەكە بە دوو ئەگەر بێت، یەكەمیان شكست بێنێت یان سەركەوتوو بین، بە خۆشحاڵییەوە سەركەوتین”.