پێشمەرگە و سوپای عێراق بە یەکەوە ئەو گوندانە دەپارێزن مەترسی هێرشی تیرۆریستییان لەسەرە

خێرایی پەرەسەندنی مەترسییەکانی داعش لە رابردوودا لە خێرایی هەماهەنگی و هاوکاریکردنی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ بەرپەرچدانەوەیان و دابینکردنی ئاسایش، زۆر زیاتر بووە، هەر بۆیەش لە ماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا دەیان پێشمەرگە و هاووڵاتی مەدەنی شەهید یان بریندار بوون. هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەنگاوی خێراتریان ناوە و دەستیان بە پاراستنی ئەو ئەو گوندانە کە مەترسیی هێرشی تیرۆریستییان لەسەرە.

چەند رۆژێک بوو دانیشتووانی کۆمەڵێک گوند کە کەتوونەتە بۆشایی ئەمنیی نێوان هیزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە لایەن تیرۆریستانی داعش هێرشیان دەکرایە سەر و دانیشتووانی گوندەکان خۆیان دەپاراست و شەڕی تیرۆریستانیان دەکرد. ئەوان لە گوندی خدرجیجە کۆمەڵێک شەهید و برینداریان دا و ژمارەیەک پێشمەرگەش بەو هۆیەوە شەهید بوون.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای هەرێم، دەمێکە هاوار دەکەن تیرۆریستانی داعش خەریکە دۆخەکە دەقۆزنەوە و رۆژ بە رۆژ بە هێزتر دەبن و ئەگەر بۆشایی ئەمنی پڕ نەکرێتەوە ئەوا تیرۆریستان دەبن بە مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق و تەواوی ناوچەکە .
رێڤینگ هروری سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان باسی لەوە کردووە کە بە درێژایی ٥٦٠ کیلۆمەتر لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەلاحەدین بۆشایی ئەمنی هاتووەتە کایەوە و دۆخەکە ئەوە دەخوازێت هیزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە جیددی بێنە سەرخەت و ئەو سنوورە بپارێزن.
جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەش بۆ میدیاکان ئاماژەی دا تیرۆریستانی داعش رێک لەو ناوچەیە سوود وەردەگرن کە کەوتوونەتە نێوان بنکەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و بۆیەش دەبێ پەلە بکرێت لە جێگیرکردنی هێزی هاوبەش بۆ بەرپەرچدانەوەی تیرۆریستان.
ئەو ئاشکراشی کرد هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەمزووانە پشتیوانیی هەر دوو لیوای هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکات و چەکی پێویستیان بۆ دابین دەکات.
لە لایەکی ترەوە عەبدولئەمیر شمری جێگری فەرماندەی هیزە هاوبەشەکانی عێراق لەگەڵ فەرماندەی هیزی وشکایی و فەرماندەکانی تر لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بە ئامانجی هەماهەنگی هاوکاریی کۆبوونەوە و پێداگرییان لەوە کردووە هەماهەنگییەکان و هاوکارییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ دابینکردنی ئاسایش و لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش زیاتر بکرێت.
فەرماندەیی هاوبەشی هێزەکانی سوپای فیدراڵی و هێزی پێشمەرگە لە چوار میحوەری جەنگ دەستی پێ کردووە و هەر دوێنێ دووشەم هێزێکی هاوبەش گەیشتە گوندی لهێبان لە سنووری کەرکووک کە شەوەکەی لە لایەن تیرۆریستانی داعش داگیر کرابوو.
لهێبان لە بۆشایی ئەمنیی نێوان سەنگەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا بوو لە دامێنی زنجیرە چیای قەرەچووخ بە ئاراستەی سەرگەڕان.
هۆکاری سەرەکیی پەرەسەندنی داعش لە دوو هەفتەی رابردوودا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هیزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی پێکەوە کارکردن کەمتەرخەم بوون.
لە ماوەی لانی کەم ١٠ رۆژی رابردوو بە دەیان پێشمەرگە و هاووڵاتی سڤیل لە ئاکامی هێرشی تیرۆریستانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان شەهید و بریندار بوون.
هەر دوێنێ شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقیش، لەبارەی دۆخی گوندی لهێبان لە پارێزگای کەرکووک بە فەرمی بڵاوی کردەوە هێزە هاوبەشەکان کار دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی دانیشتووانی گوندی لهێبانی سەرە بە شارۆچکەی سەرگەڕان چونکە هەڕەشەی تیرۆریستانی داعشیان لەسەر بووە و دواجار هێزەکانی فیرقەی ١٤ی سوپای عێراق و هێزێکی میحوەری پێنجی پێشمەرگە ئاسایشیان بۆ ناوچەکە دابین کرد.
شەوی یەکشەم لەسەر دووشەم، سەرجەم دانیشتووانی گوندەکە چۆڵیان کردبوو بەڵام دوای گەڕانەوەی هیزی پێشمەرگە ئەوانیش بۆ سەر ماڵ و حاڵیان گەڕانەوە.

ھەواڵی زیاتر