سالار عوسمان
لە بارەگای سیاسییەوە بۆ زانکۆی کەرکووک، بۆ؟
لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 26 ـی ئەم مانگەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرۆک بارزانی وەک هەمیشە پێشنیارێکی چارەسەرئامێزی خستەڕوو، پێشنیارێک، کە پڕیەتی لە پەرۆشی و پێکەوەژیان و حیکمەتی سیاسی.
پێشنیارەکە پەیامێک بوو بۆ هەمووان، بۆ ناوخۆ، بۆ دەرەوە، بۆ بەغدا و کەرکووک و کوردستان و هەمووان، تەنانەت بۆ هزری سیاسییش بوو، کە هەندێ جار گڕە و گرێ و گرفت دەیگرێ و دەبێ حیکمەتێک بیکاتەوە.
بارەگای داگیرکراوی سەرکرایەتیی پارتی لە کەرکووک، کە دەمێکە بۆتە گرفت، سەرۆک بارزانی لەو کۆبوونەوەیەدا گرفتەکەی چارەسەر کرد و ئەم بارەگایەی بەخشی بە زانکۆی کەرکووک، کەواتە:
ـ گرفت نییە چارەسەر نەکرێ، کە پارتی هەمیشە بەوە ناسراوە، دەستی چارەسەرە.
ـ دەرگاکردنەوە بۆ دیالۆگ، کە ئەمەش هێزە، پەرۆشییە، بڕوابوونیشە بە خۆت و بەرامبەرەکانت، چونکە ئەوانەی لەودیو دەرگای داخراوەوە سیاسەت دەکەن، ناتوانن ڕێگا ببڕن و ئاکام جێدەمێنن، پارتی بەردەوام ڕێگابینە، لەگەڵیشیدا واقیعبین و دووربین.
ـ بەخشینی ئەم بارەگایە بە زانکۆ، بە خوێندن، بە زانست، بە قوتابیان، بە مامۆستایان، بە کەرکووکییە ئازیزەکان، واتای زۆری هەس، سەرەکیترینیان: کەرکووکییەکان گرنگترن، هەروەها گەڕانەوەیە بۆ ماناکانی ڕووناکی و کارکردنە بە میتۆدی زانست، کە هەمووان وەک یەک کۆدەکاتەوە.
پەرۆشییەکی تری ئەم بڕیار و پێشنیارە ئەوەیە، کە سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان نایانەوێت خوێن بڕژێ و کێشەی تر دروست بێت، کە ئەمەیش ڕێزگرتنە لە مرۆڤ، کۆمەڵگا، ئاشتی و ژیان.
كەركووك كە بە شاری برایەتی و فرەیی و پێكەوەژیان ناسراوە، كێشەكانیشی تەنیا بە برایەتی و پێكەوەژیان قبوڵكردنی فرەیی و هەمەڕەنگی چارەسەر دەكرێت. ئەم بڕیارەی سەرۆك بارزانی ـ ـیش لەم ڕەهەندە قوڵانەی پێكەوەژیان هەڵقوڵاوە، زانكۆیش جگە لە ئەركی زانست و زانیاری، ئەركێكی كۆمەڵایەتی زۆر گرنگیشی هەیە ئەویش كۆكردنەوەی جیاوازیەكان و تێكەڵاوكردنیانە لەپێناو كاڵكردنەوەی ناسنامە و ئینتما لاوەكییهكان و بەهێزكردن و بونیادنانی ناسنامەیەکی نیشتمانیی هاوبەش، دواجار هێنانە كایەی پێكەوەژیان و سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی.
ئێستا دەبێت بەئومێد و خێرەوە چاوەڕێ بکەین و بزانین چی ڕوودەدات؟