بۆ ئەوەی هەر بە قوتابیبمێنینەوە

هاودەنگ فارووق

مرۆڤ تا ئەو دەمەی گیانی لەبەردا ماوە، پێویستی بە فێربوونە. فێربوون سنووری نییە و نوێکەرەوەی بەردەوامی ژیان و ڕۆحە.

هەروەها گەنجڕاگرتنی گیانە و پێشگرتنە لە زاڵبوونی تاریكاییی فكر و كرانەوەیە بە دیوی مرۆڤدۆستی، ژیاندۆستی، ڕۆشنایی پێشكەوتن و تەنانەت داگیرساندنی چرای مەعریفە، زانست و ئەكادیمیا و شكاندنی تاریكستانی جەهلە.
‏‎ئاواش مرۆڤ هەرگیز ناگاتە ترۆپكی زانست و زانین، تەمەنی هیچ مرۆڤێك بەشی هەموو زانینەكان ناكات، بۆیە باشترین ڕێگە ئەوەیە؛ بە فەیلەسوف و سیاسی و كارناسان، تاماون هەر بە قوتابی بمێننەوە، بەو حاڵەشەوە هەوڵدان و تێكۆشان و فێربوون چێژێكی تایبەتی هەیە و هەست دەكەیت هەمیشە قوتابییەكی نێو ئەم گەردوونەيت؛ چیخۆف نوسەرو ئەدیبی ناوداری ڕووس، كە بە مامۆستا بانگی دەكەن، دەڵێ: “من مامۆستا نیم، من قوتابیم و تا ماوم هەر قوتابیم و هەر بە قوتابییش دەمێنمەوە.”
‏‎منیش، كە دوێنێ توانیم نامەی ماستەركەم بە ناونیشانی ڕەهەندی هزری و سیاسی لە دەقی ئەدەبی شانۆی كوردیدا” گفتوگۆ بكەم و بە پلەی “زۆرباشەی باڵا” ئەو بڕواننامەیەش دەستەبەر بكەم، وێڕای سوپاس و خۆشەویستی بێبڕانەوەم بۆ مامۆستاكانم لە كۆلێژی هونەرە جوانەكان و سەرپەرشتیارەكانم و سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی تاوتوێکردنی ماستەرنامەكەم بەڕێزان دكتۆر ئیبراهیم ئەحمەد سمۆ، سەرۆكی لیژنە، دكتۆر سالار عوسمان ئەندام، دكتۆر ژیلوان تاهیر ئەندام، دكتۆر مەنسور نعمان سەرپەرشتیاری یەكەم، دكتۆر نەریمان خۆشناو سەرپەرشتیاری دووەم، هەروا سوپاس هەموو ئەو ئازیزانەی كە هاوكارو هاندەرم بوون و ستایش بۆ ئەو دۆست و هاوڕێ و كەسوكار و خۆییانەی بە دیاری و چەپكەگوڵەوە ئامادە بوون. لێرەدا دەڵێمەوە: تا هەم قوتابیم و هەر بە قوتابییش دەمێنمەوە و ڕێبوارێكی شێلگیری ڕێی فێربوون و كاروانی كوردایەتی و خزمەتكردنی نەتەوە و نیشتمانم.

ھەواڵی زیاتر